ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی چارەنووسی هەڵبژاردن نادیار دەكات

ڕاپۆرت

19/04/2023     ژمارەی بینراو 330

راچڵەكین -

دوای چەند كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردن لە نێوان یەكێتی و پارتی، تائێستا ئەو دوو حزبە سەرەكییەكەی هەرێم نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیش دەڵێت: بەبێ گەیشتن بە رێككەوتن، مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێر و دهۆك بكەن.

عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی دانوستكاری پارتی، بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، ئەم گرژییەی ئێستا دروستدەبێت لەبەر بابەتی هیچ و بێمانایە، ئەگەر نیازمان هەبێت هەموومان هەڵبژاردن بكرێت كەی كێشەیە، ئێمە بە دەستی یان بە ئەلیكترۆنی دەنگەكان دەژمێرین، شتی زۆر ورد دەكرێتە بیانوو، بۆیە تەسەوڕ دەكەم وابڕوات كۆبونەوەكان ناكرێت، واتە هەست دەكەیت نیازیان نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

هەڵوێستی یەكێتی

لە بەرامبەردا، رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی، دواكەوتنەكە دەبەستێتەوە بەوەی كە كۆمسیۆن ئامادەكاری نەكردووەو لەگەڵ پارتیش رێكنەكەوتوون.

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی، بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێر و دهۆك بكەن، ئەوە شتێكی ترە، ئەگەر نا كۆمیسیۆن ماوەی بەسەرچووە و دەبێت كارا بكرێتەوە و یاساكەش هەموار بكرێتەوە.

باسی لەوەشكردووە كە هەموو لایەنەكان كۆبوونەوەمان كردووە و نەگەشتووینەتە رێككەوتن، گەر هێزەكان بەشداری هەلبژاردن بكەن دەبێت یاساكە هەمواربكرێتەوە و پیكهاتەكانیش چۆن لە عیراق كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەشكراوە، لە كوردستانیش دابەش بكرێت.

دیاریكردنی وادەی هەلًبژاردن

لە 26/3/2023 بەپێی مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی 18/11/ 2023 دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام یەكێتی و پارتی لەسەر چەند پرسێكی پەیوەست بە چۆنییەتی هەڵبژاردنەكان، ناكۆكن.

عەبدولسەلام بەرواری دەڵێت:" پارتی ئامادەیە و بەشی زۆری مەرجەكانی یەكێتی قبوڵ كردووە".

ئەندامەكەی شاندی دانوستكاری پارتی، وتی:" وەك كێشە هیچ كێشەمان نییە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ ڕێككەوتنێكیش نییە، ئێمە وەك خەڵكی تر نین، لایەنەكانی تر چەند بازنەییان ویست وتمان باشە، هەرچەندە باوەڕمان پێی نەبوو. یاخود وتیان با نیو كورسی كراوە بێت و نیو داخراو بێت، وتمان باشە، وتیان با ژمارەی كورسییەكان لەسەر بنەمای ئەو دابەشكارییەی عیراق بێت، 11 كورسی بۆ دهۆك، 15 كورسی بۆ هەولێر و 18 كورسی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، ئەگەر بە ڕێژەی سەدی وەریگرین، واتە سەدا 41 بۆ سلێمانی، هەر وتمان باشە، ئێمە وتمان هەر ڕازین ئەگەر بە دڵی ئێمەش نەبێت، بەڵام لایەنەكانی تر هەر ڕازی نەبوون."

فشارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

لەگەڵ ئەوەی فشارێكی زۆری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام پێناچێت كاریگەری لەسەر ڕای حزبەكان بۆ ڕێككەوتن هەبێت، لەو بارەیەوە ڕزگار حاجی ڕایگەیاند:" نەتەوە یەكگرتووەكان ئاگادارە كێشەیەك هەیە لە یاسای هەڵبژاردنەكان لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان و كورسی پێكهاتەكان، كە هێشتا نەگەشتووینەتە رێككەوتن، نەتەوە یەكگرتوەكان پیشنیاری كردووە كورسی پێكهاتەكان بەسەر پاریزگاكان دابەش بكرێ، دوو كورسی مەسیحی و توركمان لەسنوری سلێمانی بێت، بەڵام لەسەر ئەو بابەتانە نە كۆبوونەوە كراوەو نە ریككەوتنیش كراوە. پێشنیاری ئێمە و پارتی بووە نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیار بێنێتە پێشەوە بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت."

ئەمە لە كاتێكدایە، تا دێت ناكۆكیی سەركردەكانی پارتی و یەكێتی زیاتر دەبێت، بەتایبەت دوای هێرشە درۆنییەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی كە حكومەتی عێراق دەڵێت لەلایەن توركیاوە بووە.

ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی چەند مانگێكە بە تەواوی پەرەیان سەندووە، تا كار گەیشتە ئەوەی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو، تیمی وەزاری یەكێتی بڕیاریدا بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بكات، كە تا ئێستاش بەردەوامە.

گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی حكومەت

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر داوای بەشێك لە وەزیرەكان، لە نێوان وەزیری شەهیدان لەسەر پشكی سۆسیالیست، بڕیاردرا كە تیمێكی وەزاری لە لایەنە جیاوازەكان سەردانی قوباد تاڵەبانی بكەن، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی تیمی وەزاری یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.

بەڵام بەهۆی بەیاننامەیەكی سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانی، كە چەند كاتژمێرێك بەر لە كۆبوونەوەكە ووتبووی ڕێككەوتن لەگەڵ "خاكفرۆشان" ناكات و لای یەكێتی بە هێرش بۆ سەر ئەوان هەژمار كرا، قوباد تاڵەبانی نیگەران كرد، بۆیە ئامادە نەبوو بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن