راچڵەكین-
لە چین ژمارەی ئەو كانە خەڵوزانەی كە تێیدا رۆبۆت بۆ جێبەجێكردنی ئەركە مەترسیدارەكان بەكاردەهێندرێت 370 رۆبۆتی تێپەڕاند.
كۆمەڵەی خەڵوز و پیشەسازیی چین لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە چین كە گەورەترین بەهەمهێنەری خەڵوزە لە جیهاندا، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە چوارچێوەی دیجیتاڵكردنی كانەكانی خەڵوز، بەكارهێنانی رۆبۆت بووەتە باو.
لە ئێستادا ئەو رۆبۆتانەی كە لە زیاتر لە 370 كان بەكاردەهێندرێن 31 ئەركی جۆراوجۆری وەكو لێكۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەكان، ساردكردنەوە، هەڵكۆڵین، كوژاندنەوەی ئاگر و كاری گەڕان و رزگاركردن ئەنجامدەدەن.
لە وڵاتەكە لە ساڵی 2016 وە بۆ ئێستا لەگەڵ زیادبوونی بەكارهێنانی رۆبۆت ژمارەی ئەو كارمەندانەی كە لە ئەركی مەترسیداردا كاردەكەن 370 هەزار كەمیكردووە.
دامەزراوەكانی وەكو وەزارەتی پیشەسازیی و تەكنەلۆژیای زانیاریی، وەزارەتی ئیدارەدانی دۆخی لەناكاو و ئیدارەی نیشتمانیی پشكنینی ئەمنییەتی كانەكان لە مانگی كانوونی دووەمدا "پلانی كاركردنی رۆبۆت+جێبەجێكردن"یان بڵاوكردبوەوە و بەپێی پلانەكە ئامانج ئەوەیە كە تاكو ساڵی 2025 ژمارەی ئەو رۆبۆتانەی كە ئەرك لە پیشەسازییە گرنگەكان بەڕێوەدەبەن 100 تێپەڕێنێت.
بەپێی ئامارەكانی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی چین، رێژەی بەرهەمهێنانی خەڵوز لە وڵاتەكە لە ساڵی رابردوو بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر لەسەدا نۆ زیادی كردووە و گەیشتووەتە 4.5 ملیار تۆن.