هەولێر؛ لەسەرەتای ئەمساڵەوە 50 حاڵەتی هەوركردنی پەردەی مێشكی منداڵان تۆماركراون

ڕاپۆرت

26/04/2023     ژمارەی بینراو 246

راچڵەكین-

ماوەی مانگێك دەبێت ژمارەیەك حاڵەتی ھەوكردنی پەردەكانی مێشك لەناو منداڵاندا لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە سەریهەڵداوە و ئەمەش وایكرد، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك رەوانەی هەردوو پارێزگاكە بكات بە مەبەستی بەدواداچوونی بابەتەكە، هەروەها لە هەولێریش ژمارەیەك حاڵەت تۆمار كراوە.

ھەوكردنی پەردەكانی مێشك هۆكارەكەی بۆ ڤایرۆس و بەكتریا دەگەڕێتەوە، نەخۆشییەكە لە وەرزی هاوین و پاییزدا زیاترە و زیاتر لە منداڵاندا روودەدات.

دكتۆر مەحمود محەمەد سادق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاریی بۆ منداڵان و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان لەشاری هەولێر، ئاماژە بەوەدەكات، ساڵانە لە وەرزەكانی هاوین و پاییزدا ئەم نەخۆشییە هەیە و لە هەولێریش وەكو ساڵانی رابردوو چەند حاڵەتێك هەبووە، بەڵام ئامارەكانی تووشبووان هەڵنەكشاون، بەگشتی لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا نزیكەی 50 حاڵەتی تووشبوون بە هەوكردنی پەردەكانی مێشك لە هەولێر هەبووە ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی ئاماری هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و هەڵەبجە، لەماوەی یەك مانگی رابردوودا نزیكەی 200 تووشبوو بە هەوكردنی پەردەكانی مێشك لەو دوو پارێزگایە تۆماركراون.


دكتۆر مەحمود محەمەد سادق

دكتۆر مەحمود محەمەد سادق، ئاماژەی بەوەكردووە: "ئەو نەخۆشییە بەردەوام هەیە و تووشبووان دەگەیەندرێنە نەخۆشخانەی فێركاریی راپەڕین، ئامارەكان وەك ساڵانی پێشووە و بە گشتی منداڵانی كەمتر لە پێنج ساڵ زیاتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، چونكە بەرگریی لەشیان بێهێزە".

وتیشی: "ئەم نەخۆشییە زیاتر لە سەرەتای وەرزی هاوین و وەرزی پاییزدا سەرهەڵدەدات و نیشانە باوەكانی لە منداڵانی تەمەن كەمتر لە یەك ساڵ و منداڵانی گەورەتر جیاوازە، بەجۆرێك لە منداڵانی كەمتر لە یەك ساڵ زیاتر گریان و سكچوون هەیە، هەندێكجاریش بەشی پێشەوەی سەری منداڵەكە كەمێك بەرز دەبێتەوە، هاوكات لە منداڵانی گەورەتر بریتییە لە ژانەسەر و تا، هەندێكجاریش منداڵەكە تووشی گەشكە دەبێت".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاریی بۆ منداڵان لەبارەی ئامارەكانی تووشبوون بە هەوكردنی پەردەكانی مێشك لە هەولێر، وتی: "ئیستا رەنگە پێنج حاڵەتی گوماناوی لە نەخۆشخانەكەماندا هەبێت و هێشتا ئەنجامی پشكنینەكە نەهاتووەتەوە، مەرج نییە هەموو گوماناوییەكانیش ئەنجامەكەی پۆزەتیڤ بێت، شێوازی پشكنینەكەش بریتییە لەوەی نموونەی هەندێك شلەی ناو دڕكەپەتك لە پشتی منداڵەكە وەردەگیرێت و دەنێردرێت بۆ پشكنین و دەبێت ئەنجامەكەی بگەڕێتەوە، بەڵام بە گشتی لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا چەند حاڵەتێك دەستنیشانكراون بەجۆرێك لە مانگی كانوونی دووەم 20 نەخۆش هەبووە و لە مانگی شوبات 11 نەخۆش هەبووە، هەروەها لە مانگی ئادار 18 نەخۆش هەبووە و ئەم ئامارەش بەراورد بە ساڵانی رابردوو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە".

دكتۆر مەحمود محەمەد سادق وتیشی: "بە گشتی ئەوانەی ئەنجامەكەیان پۆزەتیڤ دەبێت، ماوەی دوو تا سێ هەفتە لە نەخۆشخانە دەمێننەوە و چارەسەری پێویست وەردەگرن، هەروەها لە نەخۆشەكانی دیكەیش جیا دەكرێنەوە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاریی بۆ منداڵان و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان، دكتۆر مەحمود محەمەد سادق لەبارەی ئەوەی كە ئەم ڤایرۆسە كاریگەری لەسەر كوێی مێشك دەبێت، وتی: "لە دەوری مێشك پەردەیەكی سێ چین هەیە، شلەیەك هەیە لە دەوری مێشك و دڕكەپەتك و ئەو ڤایرۆسە كاریگەری لەسەر ئەو شوێنە دەبێت، بۆیەش لە پشكنیندا نموونەی ئەو شلەیە وەردەگیرێت و پشكنین و زەرعی بۆ دەكرێت".

بەپێی زانیارییەكانی دكتۆر مەحمود محەمەد سادق لە حاڵەتی زوو چارەسەركردندا، مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەكە نابێت، بەڵام بە درەنگكەوتن نەخۆشەكە تووشی لێكەوتەی خراپی وەك ئیفلیجی مێشك و هەندێكجاریش گیان لەدەستدان دەبێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاریی بۆ منداڵان لەبارەی لێكەوتەكانی ئەم نەخۆشییەش لە حاڵەتی درەنگ چارەسەركردنی وتی: "هەندێكجار لێكەوتەی گەورەی هەیە، رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی بیستن، یان كاریگەری لەسەر چاوەكان دروست دەبێت و هەندێكجاریش نەخۆشەكە تووشی ئیفلیجی مێشك دەبێت، بەڵام ئەگەر نەخۆشییەكە زوو دەستنیشانكرا ئەوا جێگای مەترسیی نییە".

ئەم نەخۆشییە لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكەوە دەگوازرێتەوە و دكتۆر مەحمود محەمەد سادق رێنمایی دەدات لەوەی گرنگترین شت راگرتنی پاكوخاوێنییە و لەمبارەیەوە گوتی: "جێبەجێنەكردنی رێنماییەكانی تەندروستی و رانەگرتنی پاك و خاوێنی، هۆكارێكە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە، چونكە رێژەیەكی كەم لەو بەكتریایە لەناو لەشدا هەیە، بەڵام لە دەرفەتێك دەگەڕێت بۆ ئەوەی ئەكتیڤ بێت و گەشە بكات، جگە لە رانەگرتنی پاك و خاوێنی، ئەم نەخۆشییە بە پژمین و كۆكە و بەكارهێنانی كەلوپەلی یەكتر لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە".

سێشەممەی رابردوو، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، سامان بەرزنجی بە فەرمانێكی وەزاریی لە پێناو بەدواداچوونی دۆخی هەوكردنی نەخۆشی پەردەكانی مێشك لەنێو منداڵاندا، لیژنەیەكی پزیشكی راسپارد بۆ ئەوەی سەردانی هەریەك لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن