یەكێتیی ئەوروپا بەزیاتر لە 1.2 ملیار یۆرۆ كۆمپانیای "مێتا" سزا دەدات

هەمەڕەنگ

22/05/2023     ژمارەی بینراو 227

راچڵەكین-

- كۆمپانیای "مێتا" تاوانباركراوە بە گواستنەوەی داتاكانی بەكارھێنەران لە یەكێتیی ئەوروپا بۆ ئەمریكا، ئەمەش پێشێلكردنی بڕیارێكی پێشووی دادگایە.

ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی ئیرلەندی بۆ پاراستنی داتاكانی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، سزای دارایی توندی بە بڕی یەك ملیار و 200 ملیۆن یورۆ (یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلار) بەسەر كۆمپانیای "مێتا" كە خاوەنی فەیسبووكە سەپێندراوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی كۆمپانیای ناوبراو بنەماكانی یەكێتیی ئەوروپا لەبارەی داتاكانەوە پێشێل كردووە.

تۆڕی یورۆ نیوز بڵاوی كردووەتەوە، دەستەكە كە بەناوی یەكێتیی ئەوروپاوە كار دەكات رایگەیاندووە، پێبژاردن بەسەر "مێتا"دا سەپێندراوە، چونكە داتاكانی بەكارھێنەرانی لە یەكێتیی ئەورووپا بۆ ئەمریكا گواستووەتەوە كە ئەوەیش پێشێلكردنی بڕیارێكی پێشووی دادگایە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ پاراستنی داتاكان، سزای پێبژاردن بە بڕی یەك ملیار و 200 ملیۆن یورۆی بەسەر كۆمپانیای "مێتا"دا سەپێندراوە. لای خۆیەوە كۆمپانیای "مێتا" رایگەیاند كە تانە لە بڕیارەكە دەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن