راچڵەكین-
سەرۆك وەزیری ئیتاڵیا رایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی یارمەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچبەری نایاسایی لە یەكێتی ئەوروپاوە وەرگرتووە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت ئەوان وڵاتەكەیان بكەن بە كەمپی پەنابەران
جۆرجیا مێلۆنیا سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا لە پەرلەمانی ئیتاڵیا و بەر لە سەردانەكەی بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند" ئەگەر كێشەی پاراستنی دەرەكی چارەسەر نەكرێت، ئەگەر كۆچكردنی نایاسایی رانەگیرێت، ئەوا ئەستەمە بەدوای سیاسەتێكی پەنابەری دادپەروەرانە و كاریگەردا بگەڕێت، ناكرێت بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت كە كێ دەچێتە ناو بازرگانی كۆیلەكان، كۆچكردنی بەكۆمەڵ هیچ پەیوەندییەكی بە مرۆییەوە نییە".
بە وتەی مێلۆنیا" كۆبوونەوەیەكی نائاسایی یەكێتی ئەوروپا لە مانگی شوباتدا دانی بەوەدا نا كە كۆچ كێشەیەكی ئەوروپییە و پێویستی بە وەڵامی هاوبەش هەیە".
سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت"من هەرگیز رازی نیم پارە وەر بگرم بۆ ئیتاڵیا بۆ كەمپی پەنابەران، دەشڵێت: داوامان لە یەكێتی ئەوروپا كردووە، بۆ زیادكردنی پارە بۆ پاراستنی سنوورەكان و بەدەستیشمان هێناوە، ئەمەش بۆ بەڕێوەبردنی كۆچكردنی نایاسایی نییە، بەڵكو بۆ بەرەنگاربوونەوەیە".
مێلۆنیا پێشتر رایگەیاندبوو، ئیتاڵیا بە تەنیا جێهێڵراوە لە رزگاركردنی كۆچبەران لە دەریادا.
ئیتاڵیا لەم ماوەیەدا رووبەرووی شەپۆلێكی كۆچبەران بۆتەوە كە لە رێی دەریای ناوەراستەوە رووی لە وڵاتەكەی كردووە، بەجۆرێك وڵاتەكە بۆتە دەروازەیەك بۆ پەڕینەوەی كۆچبەران بۆ وڵاتانی تری خۆرئاوای ئەوروپا.