وەزیری تەندروستی لەسەر گیانلەدەستدانی منداڵە تازە لەدایكبووەكەی بالیسان دێتەدەنگ

کوردستان

09/04/2020     ژمارەی بینراو 1097

راچڵەكین

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی گیانلەدەستدانی منداڵە تازە لەدایكبووەكەی بالیسان دەدات، كە لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێر دوای لەدایكبوونی گیانی لەدەستدا، راشیدەگەیەنێت: هەر كەسێك كەمتەرخەم بووبێت، رێكاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.

د. سامان بەرزنجی، رایگەیاند: لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی ناوخۆو داواكاری گشتی پێكدەهێنین بۆ زانینی هۆكاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاریی هەولێر.

وتیشی: ئەگەر دەركەوت كەمتەرخەمی هەبووە، رێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر، چونكە تەندرسویت هاوڵاتی لای ئێمە لە پلەی یەكەمدایەو كاری لەو جۆرە قبوڵ ناكەین.

سەبارەت بە پڕكردنەوەی بەڵێننامە بە باوی كورپە مردووەكە، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەكرد كە لێكدانەوەی هەڵە بۆ بەڵێننامەكە كراوە، روونیشیكردەوە، باوكی كۆرپەكە رازی نەبووە تەرمی منداڵەكەی رەوانەی پزیشكی دادی بكرێت بۆئەوەی توێكاری بۆ بكرێت، هەربۆیە ئەو بەڵێننامەیەی پێ پڕكراوەتەوە، ئەیوش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ ئەوەی وەك بەڵگەیەك لای نەخۆشخانەكە بمێنێتەوە كە خۆیان نەیانویستووە توێكاری بۆ تەرمی منداڵەكەیان بكرێت. 

وەزیری تەندروستی باشی لەوەشكرد كە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بەدواداچوونی سەرەتاییان كردووەو جەختی لەوەشكردەوە كە كەمتەرخەمی لە هیچ كەسێك قبوڵ ناكەن و هەر كەسێك ئەگەر دەركەوت كەمتەرخەم بووە لەو كەیسە، رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگرنەبەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن