جۆرێكی نوێی كۆرۆنا بڵاودەبێتەوە

تەندروستی

10/08/2023     ژمارەی بینراو 863

 

راچڵەكین-

 

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، بڵاوبوونەوەی خێرای جۆرێكی نوێی Covid  وەك “گۆڕاوێكی سەرنجڕاكێش” ڕادەگەیەنێت. 

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند“ئەم جۆرە ناوی EG.5 هەڵدەگرێت،و یەكێكە لە جۆرەكانی ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڵاوبوونەوەی لە سەرانسەری جیهاندا لە زیادبووندایە، بەڕێژەیەكی زۆریش لە بەریتانیا و ئەمریكا و چین بڵاوبۆتەوە”.

ڕێكخراوەكە دەڵێت “ئەم جۆرەی كۆرۆنا بەگشتی لە 51 وڵاتدا دەستنیشانكراوە، لەوانە كۆریای باشوور، ژاپۆن، كەنەدا، ئوسترالیا، سەنگافورە، فەرەنسا، پورتوگال و ئیسپانیا”.

بەپێی دوایین داتاكان، “جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا ئێستا لەسەدا 17.4ی تووشبووانی كۆرۆنا پێكدەهێنێت كە 1 لەسەر 6 توشبووانە”، و  رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە “بەرزبوونەوەی بەرچاو” ناوی بردووە، بەڵام مەترسی تەندروستی گشتی كە EG.5 دروستی دەكات بە لاواز دادەنرێت.

ماریا ڤان كێرخۆڤ، بەڕێوەبەری تەكنیكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ كۆڤید-19 رایگەیاندووە، EG.5 توانای یڵاوبوونەوەی زیادیكردووە، بەڵام خێراتر نییە لە جۆرەكانی تری ئۆمیكرۆن.

بە وتەی كێرخۆڤ، بەپێی بەڵگەكان،  EG.5 مەترسی تەندروستی گشتی زیاتر نییە بە بەراورد بە نەوەكانی تری ئۆمیكرۆن كە ئێستا بەربڵاون 

ئەم قسانەی بەڕێوەبەری تەكنیكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ كۆڤید-19 لە كاتێكدایە كە  EG.5 بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك لەبارەی توندی نەخۆشییەكە تا ئێستا نەخراوەتەڕوو.  

بڵاوبوونەوەی جۆری EG.5 لە 51 وڵات، وای لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی كردووە، هۆشداریی بدات لە مەترسییەكانی داهاتووی ئەو جۆرە نوێیەی كررۆنا. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن