ئامانجی جووڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عیراق و سوریا ئاشكرا دەكرێت

ڕاپۆرت

24/08/2023     ژمارەی بینراو 455

راچڵەكین-

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ھێزەكانی ئەمریكا لە ژمارەیەك ناوچەی عیراق جوڵەی سەربازییان ئەنجامدا، بەڵام بەرپرسانی ئەمریكا و عیراق ئاماژەیان بەوەدا كە ئەوە پرۆسەیەكی ڕۆتین بوو و ئامانج لێی ئاڵوگۆڕی ھێزەكانی ئەمریكا بوو لە بنكە سەربازییەكان لە عیراق.

جموجۆڵە سەربازییەكەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دوای ئەو سەردانە ھات كە وەزیری بەرگریی عیراق، سابت عەباسی ڕۆژی 7ی ئەم مانگە بەیاوەری شاندێكی باڵای ئەمنی بۆ واشنتۆن ئەنجامی داو لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریكا، لۆید ئۆستن و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای دیكەی ئەو وڵاتە كۆبوویەوە.

شاندەكەی عیراق لە سەردانەكەیان بۆ واشنتۆن ئەوەی بۆ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا دووپات كردووەتەوە كە چیتر عیراق لەشەڕی دژبە داعش پێویستی بە ھێزی شەڕكەری بیانی نییە و رایگەیاندبوو كە ھێزە ئەمنییەكان دەتوانن ئاسایش و سەقامگیری وڵات بپارێزن.

موئەید جحێشی، شارەزای كاروباری سەربازی لەبارەی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەم دواییەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عیراق رایگەیاندووە: "بەپێی زانیارییەكان، جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەم دواییەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەشێكی پەیوەستدارە بە پچڕاندنی ڕێگای گەیاندنی پشتیوانییەكان لە سووریاوە بۆ عێراق، بەشێكی دیكەیشی پەیوەستدارە بە نمایشی سەربازیی".

لە وڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایە جموجۆڵە سەربازییەكان ھیچ پەیوەندییان بە زیادكردنی ژمارەی ھێزەكانی ئەمریكاوە ھەیە، ئەوا موئەیەد جحێشی وتی: "ھێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژھەڵاتی سووریا، ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن و پلانی كۆتایی ئەوان لە ناوچەكە ئەوەیە، ھێڵەكانی پەیوەندیی نێوان ئێران، عێراق، سووریا و لوبنان بپچڕێنن، ھەروەھا بۆ ڕێگریكردن لە گەیاندنی پشتوانی چەك و تەقەمەنی، ھەوڵدەدەن سنووری نێوان عێراق و سووریا بپچڕێنن".

بە لای ئەو شارەزا سەربازییە، جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەم دواییەی ھێزەكانی ئەمریكا، نەبووەتە مایەی گرنگی لای گرووپە چەكدارەكان لە عیراق و لەوبارەیەوە وتی: "گرووپە چەكدارەكان لە عیراق، بەھیچ شێوەیەك گرنگیان بە جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەم داواییەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق نەداوە، چونكە گرووپە چەكدارەكان لەڕێگای گەڕانەوەی شاندی باڵای سەربازیی عێراق لە واشنتۆن، زانیارییان بەدەست گەیشتووە لەوەی ئەو پرسە پەیوەندیی بە عێراقەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیی بە سووریاوە ھەیە بە تایبەتی پەیوەندیی بەو گرووپە چەكدارانەوە كە لە سووریا دژبە ئەمریكان، بۆیە ئەمریكییەكان دەیانەوێت ھەژموونی خۆیان لە ڕۆژھەڵاتی سووریا فراوانتر بكەن، بە تایبەتی لە ناوچە كوردییەكان لە سووریا، جگە لەوەیش ئەمریكا سوورە لەسەر ئەوەی كە ناوچەكانی ئەلبوكەمال و تەنەف لە سووریا بە تەواوی لەژێر كۆنترۆڵی ھێزەكانی ئەمریكادا بن".

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیاكاندا ئەو بڵاوكرایەوە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بە ئامانجی زیادكردنی ژمارەی ھێزەكانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سێ ھەزار سەربازی دیكەی ڕەوانەی ناوچەكە كردووە.

موئەیەد جحێشی لە درێژەی قسەكانییدا وتی: "زیادكردن یان كەمكردنەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، پرسێكە ھیچ كەس و لایەنێك لێی ئاگادار نییە، تەنانەت حكوومەتی عێراق ھیچ زانیاریی لەبارەی ئەو پرسەوە نییە، چونكە لە بنەڕەتدا بنكەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار و بنكەی ھەریر سەربە پارێزگای ھەولێر كە ھێزەكانی ئەمریكا تیایاندا نیشتەجێ كراون، ھیچ پەیوەندییان بە بنكە سەربازییەكانی دیكەوە نییە، ئێستا نە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ژمارەی ھێزەكانی ئەمریكا و كەلوپەلە سەربازییەكان لە بنكەی ھەریر دەزانێت، نە حكوومەتی عیراقیش بە ژمارەی ھێزەكانی ئەمریكا و كەلوپەلە سەربازییەكان لە بنكەی عەین ئەسەد دەزانێت، ھەروەھا بەپێی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی، ھێزە ئەمنییەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان، ناتوانن ھیچ پرسیارێك لەبارەی ژمارەی ھێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی عەین ئەسەد و ھەریر بكەن، بەردەوام پرسیارمان لەبارەی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق كردووە، لای خۆیانەوە ئەمریكییەكان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، دەڵێن ئەو پڕۆسەیە پەیوەندیی بە جێگۆڕكێی ھێزەكانیانەوە ھەیە".

لە درێژەی قسەكانیدا ئەو شارەزا سەربازییە وتی: "لەو گرتە ڤیدیۆییانەی كە لەبارەی جموجۆڵی سەربازیی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بڵاو دەكرێنەوە، ١٠ بۆ ١٥ ئۆتۆمبێلی سەربازیی دەبیندرێن كە لە بنكەكانەوە جوڵەیان پێكراوە، ئەوە تەنھا نمایشی ھێزە، نەك جموجۆڵی گەورەی سەربازیی".

ناوبراو پێی وایە، ئێستا عیراق پێویستی بە ھێزی شەڕكەری بیانی نییە و لەوبارەیەوە وتی: "بەپێی ئەو سەقامگرییەی كە لەڕووی ئەمنییەوە لە عیراق بەدیھاتووە، ھەروەھا ئەو پێشكەوتنەی كە لە توانای ھێزە ئەمنییەكانەوە بەدیھاتووە، بێگومان ئەمڕۆ عێراق لەشەڕی دژبە داعش پێویستی بە ھێزی شەڕكەری بیانی نییە، چونكە ئێستا ژمارەی چەكدارانی داعش لە عێراق لە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ چەكدار تێپەڕناكات كە لە ژمارەیەك ناوچە خۆیان حەشارداوە و ناتوانن ھیچ پەلامارێكی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بەڵام بۆ مەشق و ڕاھێنان لەسەر چەكی پێشكەوتووی ئەمریكی و سیستەمی ڕاداری فەڕەنسی، ھێزە ئەمنییەكان پێویستییان بە ڕاھێنەرانی سەربازیی ئەمریكا و فەڕەنسا ھەیە".

لای خۆیەوە محەمەد سابیر شارەزا لە كاروباری سەربازیی، پێوایە جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق، جموجۆڵێكی ئاسایی نییە و بۆ ئەگەری ڕووداوێكی گەورە (شەڕ)، ئەو جموجۆڵە سەربازییە لەلایەن ئەمریكاوە دەستی پێكراوە.

محەمەد سابیر،لەبارەی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق وتی: "جموجۆڵە سەربازییەكانی ھاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمریكا لە عێراق، ھەمان ئەو جموجۆڵە سەربازییە كە ئەمریكا و ھاوپەیمانان لە ساڵی ١٩٩١ لە شەڕی كەندا و لە ساڵی ٢٠٠٣ لە شەڕی عێراق ئەنجامیاندا، ئەو كاتیش ئەمریكا ژمارەیەكی زۆری سەربازی بە دوو فڕۆكەی گەورەی جەنگی ھێنایە ناوچەكە و ئێستایش ھەمان ئەو كارەی دووبارە كردووەتەوە، بۆیە جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق، بە جموجۆڵێكی ئاسایی نابیندرێت و دەتوانم بڵێم بۆ جەنگە و بۆ نمایشی ھێز نییە".

ئاشكراشی كرد "ئەگەر ئەمریكا مەبەستی جەنگ نەبێت، ئەو جموجۆڵە سەربازییە ئەنجام نادات، ھەروەھا ئەمریكا، دوو فڕۆكەی گەورەی ھەڵگری چەك و تەقەمەنی بۆ ناوچەكە ناردووە، جگە لەوەیش لە ئەمریكا گەورەترین بوودجە بۆ ھێزەی كە ڕەوانەی ناوچەكە كراوە، خەرج كراوە".

محەمەد سابیر راشیگەیاند "ھەروەھا ئێستا گەورەترین فیرقەی سەربازیی ئەمریكا كە پێی دەڵێن (فرقەی ١٠)ی سەربازیی و لە ساڵی ١٩٤٣دا دروست بووە و بەشداری جەنگی جھیانیی دووەمی كردووە، جوڵەی پێ كراوە".

ئەو شارەزا سەربازییە راشیگەیاند "بەپێی خوێندنەوەیكانی ئێمە، ئەمجارە ئەمریكا خۆی بۆ جەنگێك لە ناوچەكە ئامادە دەكات و جەنگێكە، زیاتر جەنگێكی نێودەوڵەتیی دەبێت، چونكە ئەو ھێزە زۆرەی كە بە چەك و تەقەمەنیی قورس ھاتوون بۆ ناوچەكە ، پڕۆسەیەكی ئاسایی نییە و بۆ نمایشی ھێز نییە، چونكە وەك شارەزاییەكی سەربازیی دەزانیین، ئەو ھێزە بۆ نمایش، مەشق و ڕاھێنان نەھاتوون، بەڵكو وەك ئامادەكاری بۆ ڕوودانی ڕووداوێكی گەورە (شەڕ) ھاتوون، بۆ ئەوەی دووبارە نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕن".

ناوبراو وتیشی: "بە بۆچوونی من، ئەو ڕووداوە (ھەڵگیرسانی شەڕ) دابەشبوونی نوێ دروست دەكات بە تایبەتی لە سووریا، دابەشبوونەكەیش لە ھێڵی ناوچەی ئەلبوكەمال و تەنەف كە ھێزەكانی ئەمریكا لێوەی نزیكن، دەست پێ دەكات، چونكە دەتوانم بڵێم ھێز و میلیشیاكانی سەربە ئێران ھێڵی ناوچەی ئەلبوكەمال-یان كۆنتڕۆڵكردووە، بۆ ناردنی چەك و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بەرەو عێراق، سووریا و لوبنان، بۆیە ئەو ھیڵە، ھیڵێكی گرنگی ستراتیژییە و ئێستا ھێزەكانی ئەمریكا ئەو ھێڵەیان پچڕاندووە".

ڕوونیشی كردەوە "پچڕاندنی ھێڵی ئەلبوكەمال لە دیوی سووریاوە، بە مانای پچڕاندنی پەیوەندییەكانی ئێران دێت لەگەڵ ھێزە ھاوپەیمانەكانی لە سووریا و لوبنان تا دەست نەگات بە دەریای سپی ناوەڕاست، ھەروەھا ئێستا ئەمریكا ئەو ھیلالە شیعەیەی كە ئێران لە ناوچەكە دروستی كردووە، پچڕاندووە".

لەئێستادا، دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازیی ئەمریكا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ ڕاوێژ و مەشق پێكردن بە ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكانی عێراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بنكەی ھەریری سەربە پارێزگای ھەولێر، بنكەی ڤیكتۆریا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بنكەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و بنكەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیركراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن