ئاسایشی هەولێر بۆ هاووڵاتیان: ئاگاداری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بن

کوردستان

04/09/2023     ژمارەی بینراو 842

راچڵەكین- 

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەكات ئاگاداری پەیوەندییەكانیان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و رایدەگەیەنێت، كەسانی خراپەكار و تاوانبار تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ كاری خراپ و نایاسایی و نەشیاو بەكاردەهێنن.


بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن  بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە بڵاوكرایەوە"تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە بەشێك لە ژیان و پەیوەندییەكانی رۆژانەی خەڵك، بەهۆی زۆری و جۆراوجۆرییان، تاڕادەیەك ئەستەمە مرۆڤەكان خۆیان لە بەكارهێنانی لا بدەن". 

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لایەنی سوودبەخشیان زۆرە، بەڵام هەندێك جاریش لەلایەن كەسانی خراپەكار و تاوانبارەوە، بۆ كاری خراپ و كردەوەی نایاسایی بەكار دەهێندرێن". 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەڵێت: "داوا لە هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین، لە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، متمانە بە هەموو جۆرە خەڵكێك نەكەن و نهێنییەكانی خۆیان و وێنە و وردەكاریی ژیانی تایبەتی خۆیان بە خەڵكێك نەدەن كە دواتر لە دژی خۆیان و وەك چەكێك ئەو نهێنییانە بەكار بهێنن."

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوایەكی تایبەت لە دایكان و باوكانیش دەكات، رۆڵەكانیان هۆشیار بكەنەوە و ئاگاداری كوڕ و كچەكانیان بن و رێگە نەدەن پەیوەندییەكانیان لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بگاتە ئاستێك كە نهێنیی تایبەتی و وێنە و تۆماری ڤیدیۆییان بگاتە دەست كەسانێكی خراپەكار و دواتر بەو نهێنییانەوە بۆ كاری هەڵە و نایاسایی ناچار بكرێن.

‎ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر روونكردنەوەی زیاتری داوە و دووبارە داوای لە هاووڵاتییان كردووە ئاگاداری پەیوەندیەكانیان بن لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان كاتێك كە پەیوەندی لەگەڵ كەسێك دەبەستن و نازانن ئەو كەسە كێیە و چۆن پەیوەندی پێوە كردوون. بە پێویستیشی دەزانێت هاووڵاتییان متمانەیان پێ نەكەن و هیچ زانیارییەكی كەسی و تایبەتی خۆیانی بۆ نەنێرن بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی تۆڕەكانی پەیوەندی.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان كردووە لە كاتی بوونی هەر هەڕەشەیەك یان ناچاركردنێك بە كارێكی خراپە لەلایەن ئەو كەسانەوە كە ئەو جۆرە تاوانە ئەنجام دەدەن، راستەوخۆ پەیوەندی بەهێزەكانی ئاسایش یان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆوە بكەن.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بە پێویستی دەزانێت هاووڵاتیان هۆشیار بن و لە كاتی پێویستدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر (066106) بكەن و فایل و ڤیدیۆ و زانیارییەكانیشیان لە رێگەی ژمارەی تەلەفۆنی (07502522728) بۆ ڤایبەر و واتسئاپ بنێرن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن