راچڵەكین -
حكومەتی توركیا ئامادە نییە ئەو قەرەبووە بە عیراق بدات كە لەلایەن دادگایەكی فەرەنساوە دەرچووە، داواش دەكات بەغدا بەبڕی نزیكەی یەك ملیار دۆلار قەرەبووی بكاتەوە بەهۆی ئەو زیانانەی لەئەنجامی راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە لێی كەوتووە.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای، حكومەتی توركیا لە دادگەیەكی ئەمریكا، سكاڵایەكی دژی حكومەتی عیراق تۆماركردووە و تێیدا داوا دەكات، بەغدا 956 ملیۆن دۆلاری وەك قەرەبوو پێبدات.
حكومەتی توركیا لە سكاڵاكەیدا داوایكردووە بە هەژماركردنی رێژەی ئەو سوودەی كە دادگای ناوبژیوانیی پاریس لەسەر ئەو قەرەبووە دیاریكردووە كە هەریەكەیان دەبێت بەوی دیكەی بدات، نەك هەر هیچ بڕە پارەیەك قەرەبووی عیراق ناكاتەوە، بەڵكو دەبێ بەغدا بڕی 956 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بكاتەوە، بەوپێیەی ئەو قەرەبووەی كە دادگاكەی پاریس لە بەرژەوەندی ئەنكەرە دیاریكردووە، لە قەرەبووەكەی عیراق زیاترە.
لە راپۆرتەكەی ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای هاتووە، حكومەتی توركیا لە سكاڵاكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە دوای هەژماركردنی سوودی سەر قەرزەكانی هەردوولا بەپێی بڕیاری دادگەی ناوبژیوانی پاریس، حكومەتی عیراق بڕی دوو ملیارو 600 ملیۆن دۆلاری وەك قەرەبوو بەردەكەوێت، لەبەرامبەردا توركیا بڕی سێ ملیارو 500 ملیۆن دۆلاری بەردەكەوێت، كە دەبێ بەغدا بیداتەوە.
بەهۆی ناكۆكی نێوان عیراق و توركیا لەسەر پرسی قەرەبووكردنەوە، كە بەپێی هەندێ سەرچاوە، ئەنكەرە سڕینەوەی ئەو قەرزانەی وەك یەكێك لە مەرجەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهان، خستووەتە بەردەم حكومەتی عیراق، كە لەلایەن بەغداوە رەتكراوەتەوە.