بەهۆی نەوتی هەرێمەوە توركیا داوای ملیارێك دۆلار لە عیراق دەكات

ڕاپۆرت

09/09/2023     ژمارەی بینراو 266

 

راچڵەكین-

 

حكومەتی توركیا سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی عیراق لە بەردەم دادگایەكی ئەمریكایی تۆماردەكات و  داوای  بڕی 956 ملیۆن دۆلار وەك قەرەبوو لە بەغدا دەكات، ڕەتیشیدەكاتەوە هیچ قەرەبوویەك بداتە عیراق.

بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی (میدل ئیست ئای) كە بارەگاكەی لە لەندەنە، سەبارەت بە كێشەكانی نێوان توركیا و عیراق لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، حكومەتی توركیا سكاڵای یاسایی لەبەردەم دادگایەك لە ناوچەی كۆڵۆمبیای سەر بە واشنتۆن دی سی لەدژی حكومەتی عیراق بەرزكردووەتەوە و داوای كردووە هیچ قەرەبوویەك بە عێراق نەدرێتەوە، بەڵكو  بەغدا قەرەبووی وڵاتەكەی بكاتەوە بە بڕی 956 ملیۆن دۆلار.

بەگوەێرەی راپۆرتەكە توركیا دەڵێت، بەو ڕێژەیەی كە لەلایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریسەوە دیاری كراوە، تا هەریەكێك لەو دوو وڵاتە دەبێت بیدات بەوی تر، ئەو بڕە پارەیەی عیراق دەبێت بیدات زیاتر دەبێت لەوەی لەوەی وەك قەرەبووكردنەوەی عیراق لەلایەن توركیاوە دیاریی كراوە.

ماڵپەڕەكە بڵاویكردووتەوە كە  توركیا پێیوایە دوای حیسابكردنی سوود، عیراق بەبڕی 2.6 ملیار دۆلار قەرەبوو وەردەگرێت، توركیاش 3.5 ملیار دۆلار وەردەگرێت.

تا ( 25ی ئابی 2023)، پێنج مانگ تێپەڕیوە بەسەر ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و نەوتی كەركوك لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، ئەمەش دوای بڕیارەكەی دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس هات، كە زیانێكی زۆری بە هەرێمی كوردستان و بەندەرەكەی توركیا گیاندووە و بڕەكەی  بە 5 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.

لەپاش بڕیارەكەی دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، بە پشتبەستن بە سكاڵایەكی یاسایی كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە لە دژی توركیا تۆماركرابوو، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە لە 25ی ئاداری رابردووەوە راگیراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن