وەزارەتی پەروەردە وەڵامی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عیراق دەداتەوە

کوردستان

09/09/2023     ژمارەی بینراو 569

راچڵەكین -

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم وەڵامی لێدوانەكەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عیراق دەداتەوە كە رایگەیاندبوو پارێزگای دهۆك دووهەمین پارێزگایە لەڕێژەی نەخوێندەواری، دەشڵێت: پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی هەرێم دووهەمین پارێزگایە لەڕێژەی پەیوەندیكردنی قوتابیان بە خوێندنەوە.

لەو راگەیەندراوەدا كە سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڵاویكردوەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە كە رێژەی نەخحوێندەواری لەپارێزگای دهۆك ساڵ لەدوای ساڵ روو لە كەمبوونەوە دەكات و لە ساڵی 2021دا رێژەكە تەنها 18.7% بووە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەندراوێك لە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانەوە 

لە لێدوانێكی بەڕێز گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵدا هاتووە كە پارێزگای دهۆك ، دووهەمین پارێزگایە لە ڕێژەی نەخوێندەواری، پێویست بوو ئەو بەڕێزە شیكاری وردتری پێشكەش بكردایە، بۆ بەرچاو ڕوونی ئەم ڕوونكردنەوە گرنگە ڕادەگەیەنین پاڵپشت بە ئاماری فەرمی: 

🔴 ئەو داتایەی كە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق باسی دەكات ، شیكاری و بەراوردكاری بۆ نەكردوە، كە بزانێت چ پێشكەوتنێك لە ئاستی نەهێشتنی نەخوێندەواری  بەتایبەت لە چوار ساڵی رابردوو ڕویداوە لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆك، كە هەموو ئامارەكان پاڵپشت بە داتاكانی (دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و دەستەی ئاماری عێراق لەژێر سەرپەرشتی رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان) ئەنجامدراون، ئاستی دابەزینی ڕێژەی نەخوێندەواری بەرێژەی سەدی لە هەموو كوردستان زۆر دابەزیوە بەتایبەتریش پارێزگای دهۆك بەراورد بە ساڵی (٢٠١٢ و ٢٠١٨) كە ڕووپێوی كراوە رێژەی دابەزینی ئاستی نەخوێندەواری رێژەیەكی بەرچاوە كە ئەمەش نیشانەی بوونی پلانێكی تۆكمەیە.

 ڕێژەی نەخوێندەواری پارێزگای دهۆك لە ساڵی ٢٠١٢ بریتی بوە لە ( ٢٧،٢٪) لەساڵی ٢٠١٨ بریتی بوە لە ( ٢٣،٢٪)  لە ساڵی ٢٠٢١ بریتی بووە لە ( ١٨،٧٪). ئەو داتایانە داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و دەستەی ئاماری عێراقن، كە لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٨ و  ٢٠٢١ بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە بە هاوكاری ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەسەر ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو (١٠) ساڵە تا دەگات بەوەی لە ژیاندان  بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی ڕوپێوی. 

🔴 بۆ بەرچاوڕوونی زیاتریش چەندین ئاماری دیكەش ڕادەگەیەنین:

١- ڕێژەی پەیوەندیكردنی قوتابیان بە خوێندنەوە لە ناو هەرێمی كوردستان، دهۆك دووهەمین پارێزگایە لەپاش هەولێر لە ژمارەی پەیوەندیكردنی قوتابیان بە خوێندنەوە كە بریتیە لە (٣٤١٢٢) قوتابی تا سێ رۆژ پێش ئێستا ناویان تۆماركراوە لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی، كە هەمووان دەزانین دهۆك سێهەم پارێزگایە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵام دووهەم بەرزترین ڕێژەی قوتابیانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی تۆماركردووە. 

٢- ڕێژەی گشتیی قوتابیان و خوێندكارانی هەرێمی كوردستان، دهۆك وێڕای ئەوەی سێیەمین پارێزگای هەرێمی كوردستانە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە ، بەڵام لە پلەبەندی دووهەمدایە لە ڕووی ژمارەی قوتابیان و خوێندكاران، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئاستی پەیوەندیكردنی بە خوێندن لە بەرزترین ئاستدایە كە ژمارەی قوتابیان لە پارێزگای دهۆك ( جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ) وەك لە خشتەكەی لە خوارەوە هاتووە بریتیە لە (٤٣٠٦٩٨) چوار سەد و سی هەزار و شەشسەد و هەشتاو نۆ قوتابی، كە ئەمە دووهەم گەورەترین ژمارەی قوتابیانە لەسەر ئاستی كوردستان.

سامان سیوەیلی 
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان 
٩ی ٩ی ٢٠٢٣

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن