سوودانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەڵێنێك بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەدات

عێراق

10/09/2023     ژمارەی بینراو 300

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی عیراق لەبارەی ئامادەكارییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەگەڵ ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆدەبێتەوەو بەڵێنیان پێدەدات وەك حكومەت پشتیوانی بێ سنووریان بێت لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی رەوا و شەفاف.

ئەمڕۆ یەكشەممە، مەحەمەد شیاع سوودانی، لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان كۆبووەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەمیانی كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی ئامادەكارییەكانی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق كرا، كە بڕیارە لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە 18-12-2023 لەسەرجەم پارێزگاكان جگە لە هەرێمی كوردستان، ئەنجام بدرێت.

سوودانی بەڵێنی پشتیوانی بێسنووری حكومەتی بۆ كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دووپاتكردەوە لەپێناو دڵنیابوون لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ناوخۆیی رەوا و شەفاف، هاوكات جەختیشیكردەوە لەسەر گرنگی بەشداریكردنی بەرفراوانی خەڵك لەو هەڵبژاردنەدا و هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسە دیموكراسییە، بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی ببنە دەربڕینێكی راستەقینەی خواستی گەلی عیراق.

لەبەرامبەردا، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران ئاماژەی بە زیادبوونی خێرایی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كرد، لەگەڵ جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەموو پارێزگاكانی عیراقدا بە پارێزگای كەركوكیشەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، زیاتر لە 90%ی خشتەی كارەكانیان تەواوبووەو ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن