راچڵەكین -
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عیراق، سوپاسی دەكات لەبەرامبەر گەیشتن بە رێككەوتن بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) بڵاویكردەوە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سوپاسی پشتیوانیی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵم كرد بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی دابنیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، هیوادارم ئەم ڕێككەوتنە ببێتە بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی گشت كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور و رێككەوتنەكان.
لەدوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە رەوانەكردنی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرۆكی حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، "بە پشتبەستن بەخوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەكەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەلكی كوردستان بكەین و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی بگەینە رێككەوتنێكی گونجاو بۆ دابینكردن مووچەی هاووڵاتیان.
مەسرور بارزانی لە راگەیەندراوەكەیدا سوپاسی پشوودرێژیی هاووڵاتیانی هەرێمیشی كرد كە متمانەیان بە حكومەتەكەی خۆیان لەدەست نەدا، هەروەها سوپاسی پشتیوانیی لایەنە سیاسییەكانی عیراق و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكانیشی لە پەرلەمانی عیراق كرد، كە پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەركردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.