راچڵەكین -
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەتوندی ئیدانەی هێرشە تیرۆیستییەكەی ئەمڕۆی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت و رایدەگەیەنێت: ئەم كردەوە پڕ لە تاوان و دوژمنكارییە، سنوربەزاندنێكی لە ڕادەبەدەری هەرێمی كوردستانەو جێبەجێكردنی ئەو پیلانە دژ بە مرۆڤایەتیەشە كە بۆ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە گشتی و سنوری سلێمانی بە تایبەتی دارێژراوە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە راگەیەنراوێكدا داوای لە حكومەتی فیدراڵی عیراق كردووە، چیتر لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆك و دوژمنكارییانەی داگیركەراندا بێدەنگی هەڵبژێرێت.
دەقی راگەیەندراوەكە:
هێرشی دوژمنكارانەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت، هێرشە بۆ سەر تێكڕای هەرێمی كوردستان و بەشێك لە سنووری كۆماری عیراقی فیدراڵ.
كردەوە پڕ لە تاوان و دوژمنكارییەكەی ئیمڕۆ بۆ سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت سنوربەزاندنێكی لە ڕادەبەدەری هەرێمی كوردستانەو جێبەجێكردنی ئەو پیلانە دژ بە مرۆڤایەتیەیە كە بۆ تێكدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە گشتی و سنوری سلێمانی بە تایبەتی داڕێژراوە.
ئێمە وێڕای ئیدانەی توندی ئەو تاوانە، تەئكید لە پێویستیی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان دەكەینەوە بۆ بەرەنگاری مەترسییەكانی سەر هەرێمەكەمان. ئەم جۆرە پەلاماردانە دوژمنكارییانەی سەر هەر بستێكی هەرێمی كوردستان بە پەلاماردان بۆ سەر بەشێكی جوگرافیای عیراقیش دەزانین، پەلاماردانی هەر یەكەیەكی هێزەكانی هەرێمی كوردستان كە لە پێكهاتەی هێزە چەكدارەكانی عیراق و لە دەستوری هەمیشەییدا بە رەسمی ناسێندرابێت، مانای پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراقیش، بۆیە جارێكی تر داوا و تەئكید لە حكومەتی فیدراڵی عیراق دەكەینەوە كە چیتر نابێت لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆك و دوژمنكارییانەی داگیركەراندا بێدەنگی هەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەكەمان خۆش بكەن.
بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسیی و دیبلۆماسیانەو سەركۆنەكردنی ئەم پەلامارانە، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندە ئازادیخوازەكانی دونیا دەكەین كە هاودەنگمان بن لە گەیاندنی پەیامی ریسواكردنی ئەم جۆرە تاوانانەو بكەرەكانیان كە بوونەتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر تێكڕای مرۆڤایەتی.
هەر لێرەوە پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری شەهیدەكان دەكەین، كە لە پێناوی بەرگری و پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی هەریمەكەماندا گیانیان بەخشی، هیوای هەرچی زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
ریسوایی بۆ پەلاماردەرانی وڵاتەكەمان
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان