راچڵەكین -
بەتۆمەتی گەندەڵی دارایی، سەرۆكی پێشووی دەستەی خانەنشینی عیراق و چەند بەرپرسێكی دیكەی دەستەكە دەستگیرگران.
ئەمڕۆ هەینی، میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، دوای ئەوەی دادگایەكی عیراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەیاد مەحمود جبوری، سەرۆكی پێشووی دەستەی خانەنشینی عیراق دەركرد، كە تۆمەتبارە بە گەندەڵی دارایی و كارگێڕی، ناوبراو لەلایەن هێزێكی پۆلیسەوە دەستگیركرا.
جگە لە ئەیاد جبوری، چەند بەرپرس و فەرمانبەرێكی پێشووی دەستەی خانەنشینی دەستگیركران، كە بەڕێوەبەری پێشووی كارگێڕیی دەستەكەشی تێدایەو سەرجەمیان تۆمەتبارن بە گەندەڵی دارایی و ساختەكردنی مامەڵەی خانەنشینی بۆ كەسانێك كە شایستەی خانەنشینی نەبوون.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی، لەئێستا سەرجەم تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان لە بنكەی پۆلیس ساڵحییە راگیراون بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەو كەیسانەی گەندەڵی كە پێشتر لەسەریان تۆماركرابوو.
ئەیاد مەحمود جبوری، كە ماوەی چەندین ساڵ سەرۆكی دەستەی خانەنشینی عیراق بوو، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە فەرمانێكی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پۆستەكەی دوورخرایەوەو ماهیر حسێن رەشید لە شوێنەكەی دانرا.
دوورخستنەوەی ناوبراو لەو پۆستە بەهۆی ئاشكرابوونی چەندین كەیسی گەندەڵی هات لە دەستەی خانەنشینیی عیراق، كە بەپێی لێكۆڵینەوەكان سەدان كەس كە شایستە خانەنشینی نەبوون، لەڕێی ساختەكردنی بەڵگەنامەی فەرمییەوە بڕیاری خانەنشینكردنیان بۆ دەركرابوو.