راچڵەكین -
شارەوانی سلێمانی لەبارەی نرخی تاپۆكردنی خانووە زیادڕۆكان روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، دیاریكردنی پارەی تاپۆكردنەكە لەسەر چەند ئەگەرێك وەستاوە.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەژێر ناوی هۆشیاریی یاسایی بڵاویكردووەتەوە، روونكردنەوەی پێویستی لەبارەی دیاریكردنی پارەی تاپۆكردنی خانووە زیادڕۆكان داوە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
هۆشیاریی یاسایی:
پارەی تاپۆكردنی خانووە تەجاوزەكان چەندە؟
ئەم پرسیارەمان زۆر لێدەكرێ و هیچ رێگەیەكی ئاسانیش نییە بۆ وەڵامدانەوەی، هەیە دەپرسێ مەتری چەندمان لێ وەردەگرن؟ بەڵام بابەتەكە بەو شێوەیە نییە، بەڵكو دیاریكردنی پارەی تاپۆكردنەكە لەسەر چەند (ئەگەرێك) وەستاوە، بەم شێوەیە:
پێشەكی ئەگەر داواكار (ئەوەی عەریزەكەی داوە) كەمئەندامی سەنگەر یان خزمی پلەیەكی شەهیدان و ئەنفالكراوان بێت ئەوا خانووەكەی بەبێ بەرامبەر بۆ تاپۆ دەكرێت، خزمی پلەیەكیش تەنها (باوك، دایك، هاوسەر، منداڵ) دەگرێتەوە.
بەڵام ئەگەر وەها نەبێ ئەوا پارەی تاپۆكردنەكە بە دوو بەش دیاری دەكرێت:
بەشی یەكەمی پارەی تاپۆكردنەكە بە نرخێكی رەمزی دیاری دەكرێ و ئەم بەشە لە ناوەندی پارێزگادا هەتا رووبەری (200)م٢ و لە ناوەندی قەزادا هەتا رووبەری (250)م٢ و لە ناوەندی ناحیەدا هەتا رووبەری (300)م٢ دەڕوات.
بەڵام ئەگەر رووبەری خانووەكە لەوانە زیاتر بوو ئەوا بەشی دووەمی پارەی تاپۆكردنەكە بە نرخی بازاڕ دیاری دەكرێت كە لە ناوەندی پارێزگادا هەتا (300)م٢ و لە ناوەندی قەزادا هەتا (400)م٢ و لە ناوەندی ناحیەدا هەتا (500)م٢ دەڕوات.
بەشی یەكەمی پارەی تاپۆكردنەكە كە هەروەك وتمان بە نرخێكی رەمزی دیاری دەكرێت لە (3) رێژەی جێگیر و (2) رێژەی جوڵاو پێكهاتووە، بەم شێوەیە:
1- ئەگەر خانووەكە پێش راپەڕین لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە هۆكاری سیاسی رووخێندرابێ و پاش راپەڕین دروستكرابێتەوە یان هێشتا شوێنەواری رووخاندنەكەی مابێتەوە و دروست نەكرابێتەوە ئەوا بە رێژەی (2%)ی قیمەتی زەوییەكەی تاپۆ دەكرێت.
2- ئەگەر پێش ئیفرازكردنی جێخانووەكە لە فەرمانگەی تاپۆدا خانووەكە دروستكرابێت ئەوا بە رێژەی (5%)ی قیمەتی زەوییەكەی تاپۆ دەكرێت.
3- ئەگەر دوای ئیفرازكردنی جێخانووەكە لە فەرمانگەی تاپۆدا خانووەكە دروستكرابێت ئەوا بە رێژەی (25%)ی قیمەتی زەوییەكەی تاپۆ دەكرێت.
ئەمانە رێژە جێگیرەكان بوون
ئینجا دوو رێژەی جوڵاویشمان هەیە كە لەگەڵ رێژە جێگیرەكاندا كۆدەكرێنەوە و لەمانە پێكهاتووە:
1- ئەگەر داواكار لە خانووەكەدا نیشتەجێ نەبوو بەڵكو كەسێكی تر بە كرێ یان بەبێ كرێ لە خانووەكەدا نیشتەجێ بوو ئەوا رێژەی (10%) دەخرێتە سەر (3) رێژە جێگیرەكەی پێشوو، واتە ئەگەر خانووەكە بەر رێژەی (2%) كەوت ئەوا دەبێتە (12%)، بەڵام ئەگەر بەر رێژەی (5%) كەوت ئەوا دەبێتە (15%)، خۆ ئەگەر بەر رێژەی (25%) كەوت ئەوا دەبێتە (35%)ی قیمەتی زەوییەكە.
2- ئەگەر داواكار یان هاوسەرەكەی سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی یان خانوو یان شوققە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوا رێژەی (10%) دەخرێتە سەر (3) رێژە جێگیرەكەی پێشوو، واتە ئەگەر خانووەكە بەر رێژەی (2%) كەوت ئەوا دەبێتە (12%)، بەڵام ئەگەر بەر رێژەی (5%) كەوت ئەوا دەبێتە (15%)، خۆ ئەگەر بەر رێژەی (25%) كەوت ئەوا دەبێتە (35%)ی قیمەتی زەوییەكە.
بەڵام ئەگەر هەردوو ئەگەرەكە هاتنەدی، ئەوا دووجار رێژەی (10%) دەخرێتە سەر (3) رێژەكەی پێشوو، واتە ئەگەر خانووەكە بەر رێژەی (2%) كەوت ئەوا دەبێتە (22%)، بەڵام ئەگەر بەر رێژەی (5%) كەوت ئەوا دەبێتە (25%)، خۆ ئەگەر بەر رێژەی (25%) كەوت ئەوا دەبێتە (45%)ی قیمەتی زەوییەكە.
وە هەموو ئەم رێژانەش لە قیمەتی زەوییەكە وەردەگیرێت، نەوەك لە قیمەتی خانووەكە، واتە كاتێك لیژنەی خەمڵاندن خانوویەكی تەجاوز دەخەمڵێنن دەلێن: (ئەگەر ئەم خانووە زەوی بێت بایی چەندە؟).
بۆیە جیاوازی نییە لە نێوان خەمڵاندنی دوو خانووی تەنیشتی یەكتر كە هەمان رووبەریان هەبێ بەڵام یەكێكیان خانوویەكی كۆن بێ و ئەوی تریان خانوویەكی نوێ بێت چونكە لە هەردوو بارەكەدا هەر قیمەتی زەوییەكانیان دەخەمڵێندرێت.
هەروەها ئەگەر دوو خانوو بە هەمان رووبەر و بەیەكەوە لە تەنیشتی یەكتر دروست بكرێن و هەمان نەخشە و پێكهاتەیان هەبێت ئەوا مەرج نییە بە هەمان رێژە تاپۆ بكرێن چونكە لەوانەیە خانوویەكیان بەر رێژەی (35%) بكەوێ بەڵام ئەوەی تریان بەر رێژەی (5%) بكەوێت.
هەرچەندە ئەوەی تا ئێستا لە ئامارەكانماندا بینیومانە زۆرینەی هەرە زۆری خانووە تەجاوزەكانی شاری سلێمانی بەر رێژەی (5%) كەوتوون، واتە لە هەر دەفتەرێك لە نرخی زەوییەكەی تەنها (5) وەرەقە دەدەن بە شارەوانی.
وە ئەم رێژانە و ئەم میكانیزمە بە یاسا دانراوە و لە یاسای (ژمارە 3 ساڵی 2019) هەمواركراو بە یاسای (ژمارە 7 ساڵی 2021) و رێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (ژمارە 3 ساڵی 2021)دا هاتووە و ئێوە چەندێك دەتوانن بیگۆڕن ئێمەش هەر ئەوەندە.
بۆ نموونە:
ئەگەر رووبەری خانوویەكی تەجاوزی ناو شاری سلێمانی (220)م٢ بێت و بەر رێژەی (5%) بكەوێ و لیژنەی خەمڵاندنیش قیمەتی یەك مەتری زەویی ژێر ئەو خانووە بە (2) وەرەقە بخەمڵێنن، ئەوا:
هەتا رووبەری (200)م٢ بە رێژەی (5%) پارەی تاپۆكردنی بۆ دادەنرێت و 20 مەترەكەی تریش بە نرخی بازاڕ پارەی تاپۆكردنی بۆ دادەنرێت، بەم شێوەیە:
200 لێكدانی 2 وەرەقە = 400 وەرەقە
5% لێكدانی 400 = 20 وەرەقە
كەواتە رووبەری (200)م٢ لە خانووەكە بە (20) وەرەقە تاپۆ دەكرێت.
ئینجا 20 مەترەكەی تر بە نرخی بازاڕ تاپۆ دەكرێت بەم شێوەیە:
20 لێكدانی 2 وەرەقە = 40 وەرەقە
كەواتە ئەو 20 مەترەی تری بە 40 وەرەقە بۆ تاپۆ دەكرێت.
واتە كۆی پارەی تاپۆكردنی 220 مەترەكە دەكاتە 60 وەرەقە.
سەرۆكایەتیی شارەوانی سلێمانی