راچڵەكین -
ئەمڕۆ 30 ساڵ بەسەر شەهیدبوونی فەرماندە و پارتیزانی رۆژە سەختەكانی خەبات (شەهید ئەحمەدی حاجی رەشید )دا تێپەڕ دەبێت.
شەهید ئەحمەد لەساڵی ١٩٥٢ لە گوندی ئۆمەربل-ی ناوچەیی گەرمیان لەخێزانێكی كوردپەروەر چاوی بە دونیادا هەڵهێیناوە.
لەتەمەنێكی گەنجی و دەستپێكی كاری سیاسی لەڕێگەی قوتابیان و لاوانی كوردستانەوە بووە، دوای دەستپێكردنی شۆڕشی نوێوە ١٩٧٦ پەیوەندی بەڕیزەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان دەكات و لەساڵی ١٩٧٧ لە هەرێمی پێنجی قەرەداغ لەلای (شەهیدی سەركردردە سیروان تاڵەبانی ) بووە بە پێشمەرگە و دواتر لەسەر راسپاردەی شەهید سیروان دەگەڕێتەوە ناوچەی خوارووی گەرمیان، لەوێ چەندین ئەڵقەی رێكخستن لە شاری (كفری، سەرقەڵا و دێهاتەكانی دەورووبەری) دروستدەكات و بەشداری هەرسێ كۆنفرانسەكەی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانی كردووە، ئەندامی كۆنگرەی یەكەمی یەكێتیی نیشتمانیی كردستان بووە.
شەهید شەهید ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا چەندین پلەو لێپرسراوێتی بە سەركەوتوویی بڕیوەو بەشداریی زۆرێك لە داستان و نەبەردییەكانی كردووە، وەك داستانەكانی (زنانە، ئۆمەربل، شەڕی قەیوان ماوەت، شەڕەكانی ناوچەی سەنگاو، داستانی سەرقەڵا، تەواوی ئەو رووبەڕووبوونەوانەی سەر جادەی كفری و كەلار و خورماتوو)، لە داستانە بەناوبانگەكەی گوندی ئۆمەربل دا كە شەهید ئەحمەدی حاجی رەشید فەرماندەیی ئەو شەڕەی كرد، هێزی دوژمن بە سەدان تانك و زرێپۆشەوە پەلاماری گوندی ئۆمەربل-ی دا، شەهید ئەحمەد و هاوڕێكانی رووبەڕوویان بوونەوەو توانییان گەورەترین زەبر لە حكومەتی بەعس بووەشێنن و هێزەكەی تووشی شۆك بكەن، كە بووە هۆی كوژرانی ٤٧٠ سەرباز و جاش و تێكشكانی نۆ تانك و زرێپۆش ١٩ شۆفڵ و چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربازی، ئەمەش بووە یەكێك لە شكستە گەورەكانی رژێمی بەعس. لەدوای ئەم شەڕە، سەرۆك مام جەلال و كاك كۆسرەت خەڵاتی ئازایەتی و قارەمانییەتییان پێی بەخشی.
شەهید ئەحمەد هاوسەرو حەوت كچ و كوڕی و دوو خوشكی و برایەكی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن و لە بیابانەكاندا زیندەبەچاڵ كران، بەڵام رقی پیرۆزی بەرامبەر بەدوژمن زیاتر دەبێت و سەرەڕای جەرگ سووتاوی و ماڵوێرانی و ئەو هەموو برین و ئازارەی ناخی، بڕیاری خەباتی پارتیزانی دەدات لە گەرمیاندا و بۆ ماوەی سێ ساڵ بە پارتیزانی لە گەرمیاندا دەمێنێتەوە دژی حكومەتی فاشیستی بەعس و لە راپەڕینە مەزنەكەشدا رۆڵێكی كاریگەری دەبێت لە رزگاركردنی شارەكانی كەلار و كفری و خورماتوو و لەو شەڕەشدا بریندار دەبێت.
لە راپەڕینی دووەمدا لە یەكەم هێز دەبێت دەگەڕێتەوە و لە گوندی سەید جەژنی بارەگا دادەنێت، تووشی شەڕێكی قورس دەبن و قارەمانانە شكست بەدوژمن دەهێنن و لە ناوچەكە وەدەریان دەنێن، لە ئەنجامی ئەم شەڕەوە بووە هۆی ئەوەی شاری كفری لەقەوارەی حكومەتی هەرێم دانەبڕێت، لە دوای ڕاپەڕینەوە و لە دروستبوونی هێزەكانی بەرەی كوردستانی و لە سوپای یەكگرتووی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا دەبێتە ئامر فەوجی (یەك) لە لیوای ( سێ )ی گەرمیان.
شەهید ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە رۆژی ٢٣/١٢/١٩٩٣ لە شەڕێكی پیلان بۆ داڕێژراودا لەلایەن تیرۆریستان و دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتییەوە شەهید دەكرێت و دەچێتە كاروانی سەربەرزی شەهیدانەوە، شەهیدبوونی شەهید ئەحمەد بووە هۆی ئەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریدا تەواوی ئەو گروپە تیرۆریست و توندڕە و لەیاسا دەرچووانە لە ناوچەكە وەدەرنێت و نەهێڵێت جارێكی تر زیان بە مرۆڤایەتی و خاك گەلی كورد بدەن.