راچڵەكین -
بەبۆنەی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، بڕاردرا سبەینێ لە پارێزگای كەركوك بكرێتە پشووی فەرمی.
دیوانی پارێزگای كەركوك لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەبڕیاری راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، سبەینێ چوارشەممە لەسەرجەم دامەزراوە حكومییەكان و ناوەندەكانی خوێندن لەو پارێزگایە دەكرێتە پشووی فەرمی.
پشووەكەی سبەینێ، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی، كارەبا، تەندروستی و ئاوو ئاوەڕۆ ناگرێتەوە، كە كارمەندەكانیان شێوازی دەوامكردنیان بۆ رێكدەخرێت.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پشووەكەی سبەینێ وەك رێزلێنانێكە لە قوربانیانی فەرماندەكانی سەركەوتن و شەهیدانی عیراق، كە مەبەست لێی ساڵیادی كوژرانی هەریەك لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس-ی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەزگای حەشدی شەعبی، كە بەرەبەیانی رۆژی 3-1-2020، لەسەر رێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لەئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیی سوپای ئەمریكادا، كوژران.