نرخی نان و سەمون هەرزان دەبێت

کوردستان

04/01/2024     ژمارەی بینراو 653

راچڵەكین-
لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان نرخی نان و سەمون هەرزان دەبێت و  10 نان و سەموون بە هەزار دینار دەفرۆشرێت، "هەر سەمونخانە و نانەواخانەیەكیش پابەندی بڕیارەكە نەبێت، رێكاری یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر و دادەخرێت"

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندووە:"بە بڕیاری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی؛ لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، 10 نان و سەموون كە نابێت كێشیان لە 90 گرام كەمتر بێت، بە هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت".

بە وتەی نەبەز عەبدولحەمید:"بڕیارەكە لەبەر بەرژوەندیی گشتیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی دەركراوە. ئاماژەی بەوەش كرد، "هەر نانەواخانە و سەموونخانەیەك پابەندی بڕیارەكە نەبێت، رێكاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر و دادەخرێت".

 

سەبارەت بە چۆنییەتی قەرەبووكردنەوەی خاوەنی نانەواخانە و سەمونخانەكانیش قائیمقامی ناوەندیی هەولێر رایگەیاند، "خاوەن سەموونخانە و نانەواخەكان دڵنیا دەكەینەوە، بەرژوەندیی ئەوانیش دەپارێزین؛ چونكە چەند بڕیارێك لە بەرژوەندیشدا دراوە، لەوانەش كەمكردنەوەی سەدا 50ـی كرێی كارەبا لەسەر سەموونخانە و نانەواخانەكان. هەروەها  ئەو ئاردەی ئەوان بە نرخێكی گران لە بازاڕەكاندا دەیكڕن، حكومەت پاڵپشتییان دەكات بۆ ئەوەی ئاردەكە بە نرخێكی هەرزانتر لە كارگەیەكی گەورەی ئاش كە لە سنووری پارێزگای هەولێرە، بكڕن. هاوكات گازی شلیش بە نرخێكی هەرزانتر پێیان دەدرێت".

قائیمقامی ناوەندیی هەولێر دەڵێت" رۆژی 07-12-2023، لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە و رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراوە بۆ ئەوەی بەسەر هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا گشتاندنی بۆ بكرێت و، ڕەوانەی وەزارەتی بازرگانیش كراوە بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە بگیرێتەبەر".

وەك نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی پێكرد" ئەمڕۆ بڕیارەكە وەكو راگەیەندراوێكی فەرمی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رادەگەیەنن و ئاراستەی نانەواخانە و سەموونخانە دەكەن بۆ ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

قائیمقامی ناوەندیی هەولێر لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو، پێشتریش 10 نان و سەموون بە هەزار دینار دەفرۆشرا، بەڵام دواتر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و زەیت، نرخەكەیان بەرزبووەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن