لە ھەڵبژاردنەكانی پاكستاندا كاندیدانی نزیك لە عیمران خان زۆرترین دەنگیان بەدەستھێنا

جیهان

11/02/2024     ژمارەی بینراو 210

راچڵەكین-

كاندیدانی سەربەخۆ كە لەلایەن پارتی بزووتنەوەی دادپەروەریی پاكستان ( پارتەكەی عیمران خان- سەرۆكوەزیرانی پێشوو) پاڵپشتی دەكرێن لە كۆی 266 كورسی پەرلەمان، 101 كورسیان بەدەستھێناوە.

بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان كە لەلایەن ئەنجوومەنی ھەڵبژاردنەكانی پاكستانەوە ڕاگەیاندراوە، كاندیدانی سەربەخۆ كە لەلایەن پارتی بزووتنەوەی دادپەروەریی پاكستان پاڵپشتی دەكرێن لە ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی (پەرلەمان) و ئەنجوومەنی ھەرێمەكان (پەرلەمانی ھەرێمەكان)، زۆرترین دەنگەكانیان بەدەستھێناوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجوومەنی ھەڵبژاردنەكانی پاكستان، ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی (پەرلەمان) و ئەنجوومەنی ھەرێمەكان (پەرلەمانی ھەرێمەكان)ی ڕاگەیاند.

بەپێی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەكان، كاندیدانی سەربەخۆ كە لەلایەن پارتی بزووتنەوەی دادپەروەریی پاكستان پاڵپشتی دەكرێن لە كۆی 266 كورسی پەرلەمان، 101 كورسیان بەدەستھێناوە، ھەروەھا پارتی ڕابیتەی ئیسلامی پاكستان-باڵی نەواز 75 كورسی بەدەستھێناوە و پارتی گەلی پاكستانیش 55 كورسی بەدەستھێناوە.

ڕۆژی 8ی ئەم مانگە، پڕۆسەی دەنگدان لە پاكستان بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانی (پەرلەمان فیدڕاڵی) و ئەنجوومەنی ھەرێمەكان (پەرلەمانی ھەرێمەكان) بەڕێوەچوو.

پارتی بزووتنەوەی دادپەروەریی پاكستان لە ساڵی 1996 لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووی پاكستان، عیمران خان كە ئێستا بە تۆمەتی گەندەڵی سزای 14 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، دامەزرێنرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن