دوو سەركردەی مەترسیداری داعش دەستگیر دەكرێن

عێراق

24/02/2024     ژمارەی بینراو 252

راچڵەكین -

دەزگای هەواڵگریی عیراق رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان توانیویانە دوو سەركردەی مەترسیداری داعش لە دەرەوەی عیراقەوە دەستگیربكەن و بە قۆڵبەستكراوی بیانهێننەوە بۆ ناو عیراق.

دەزگاكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردووەتەوە، ئاشكرایكردووە، دوای چەندین ساڵ لە هەوڵەكانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بۆ دۆزینەوەی سەركردە هەڵاتووەكانی داعش، سەرەنجام توانییان دوو گەورە سەركردەی ئەو گروپە تیرۆریستییە لە دەرەوەی عیراقەوە دەستگیر بكەن و بیانهێننەوە بۆناو عیراق بەمەبەستی دادگایی كردنیان.

دەزگای هەواڵگریی عیراق ناوی هەردوو سەركردە دەستگیركراوەكەی داعشی ئاشكراكردووە، كە بریتین لە عیسام عەبد عەلی، ناسراو بە (ئەبوزەید) لە ویلایەتی فەلوجەی داعش كاریكردووە، ئەوی دیكەش ناوی بەشیر عەبد عەلی سعێدان، ناسراو بە (ئەبوئەحمەد)، هەردووكیان دەستیان هەبووە لە كوشتنی چەندین سەربازی سوپای عیراق و ئەنجامدەری ژمارەیەك كردەوەی تیرۆریستییش بوون لە سنووری شاری فەلوجە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی دەزگای هەواڵگریی، دەستگیركردنی ئەو دوو تیرۆریستەی داعش، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بووە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن