وەزارەتی پەروەردە وادەی پشووی بەهارە ئاشكرا دەكات

کوردستان

27/02/2024     ژمارەی بینراو 690

راچڵەكین -

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا ئەو قوتابخانانەی لە (13-9-2023) دەستیان بە خوێندن كردووە، لە (11 تا 23-3-2024) پشوویان هەیە و ئەوانەشی لە خوێندن دواكەوتوون، دەسەڵات بە پەروەردەكان دراوە سوود لەكاتی پشووەكان وەربگرن بۆ درێژەدان بە خوێندن.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزارەت كۆبووەوەو چەند بڕیارێكی دەركرد.

وتی:" سەبارەت بە پشووەكانی بەهارە، ئەنجومەنی وەزیرانی پەروەردە بڕیاریدا ئەو قوتابخانانەی لەرۆژی (13-9-2023) دەستیان بە خوێندن كردووە، لە (11 تا 23-3-2024) پشوویان دەبێت و رۆژی 24-3 دەستدەكرێتەوە بە خوێندن".

سەبارەت بەو قوتابخانانەشی كە لە خوێندن دواكەوتوون و درەنگ دەستیان بە پرۆسەی خوێندن كردووە، سامان سیوەیلی ئاماژەی بەوەدا كە وەزارەتی پەروەردە دەسەڵات دراوە بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سنوورەكانیان سوود لە كاتی پشووەكان وەربگرن بۆ درێژەدان بە خوێندن.

سەبارەت بە قوتابخانە نێودەوڵەتییەكان، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند: ئەوان بەرنامەی خوێندن و پشووی خۆیان هەیە، كە جیایە بە قوتابخانە حكومی و ناحكومییەكان.
 
هەر لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا، د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردە، رایگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەت، بڕیاردرا بە رەچاوكردنی بەرژەوەندییەكانی خوێندكاران، بڕیاردرا بەشێك لە پرۆژگرامەكانی خوێندنی 12ی ئامادەیی كەمبكرێتەوەو رۆژی 23-6-2024 خولی یەكەمی تاقیكردنەوە گشتییەكان دەستپێدەكرێت و تا رۆژی 17-7 بەردەوام دەبێت، لە هەفتەیەكیشدا تەنها دوو تاقیكردنەوە ئەنجام دەدرێت.

وتیشی:" خولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە 17-8-2024 تاوەكو 4-9-2024 بەردەوام دەبێت، تاقیكردنەوەكانیش رۆژ نا رۆژێك دەبێت".


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن