قەزای شێخان؛ كێشەی نێوان دوو خێزان 40 منداڵ لەنازی باوكێتی بێبەش دەكات

کەلتوور

23/04/2020     ژمارەی بینراو 771

راچڵەكین-

بەهۆی كێشەی نێوان دوو خێزان لە شارۆچكەی كەلەكچی سەر بە قەزای شێخان، پێنج كەس كوژراون و 23 كەسیش دەستگیركراون، بەوهۆیەوە 40 منداڵ  لەنازی باوكێتی بێبەشبوون. 
 
ئەو 23 كەسەی دەستگیركراون لە خێزانێكن و تۆمەتەكەیان كوشتنی دوو كەسە كە هاوكات لە خێزانەكەی خۆیشیان دوو كەسی دیكە كوژراون. كەسێكی دیكەش كە سەر بە هیچ لایەكیان نییە لەو نێوەندەدا كوژراوە.
 
شەڕ و ناكۆكی نێوان ئەو دوو خێزانە چوار ساڵە بەردەوامە و بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە سەری هەڵداوە. لە 10ـی ئەم مانگە ئەو كەسانە لەلایەن پۆلیسی دهۆكەوە دەسیگیركراون.
 
زیاد عوسمان، كەسوكاری ئەوانەیە كە "بكوژن" و دەڵێت، "كوشتن چارەسەر نییە، دەبێت رێككەوتن و پێكهاتن بكەین، داوا لە ریشسپییانی هەردوولا دەكەین بگەنە رێككەوتن". 
 
بەهۆی كوژرانی ئەو پێنج كەسە و دەستگیركردنی 23 كەسی دیكە، 11 ئافرەت بێهاوژین ماونەتەوە و 40 منداڵیش لە نازی باوكیان بێبەشن.
 
كەسوكاری ئەو كەسەی كە سەر بە هیچ خێزانێكیان نییە و كوژراوە رەتیدەكەنەوە سكاڵا لەسەر هیچ لایەك تۆماربكەن و دەڵێن، ئاشتەواییان راگەیاندووە. وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخانیش دەڵێت، ئەوانەی دەستگیركراون "تاوانبارن و دەبێت دادگا ئەو كەیسە یەكلابكاتەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن