وەزیری پەروەردە خوێندنگەی ئەلیكترۆنی رادەگەیەنێت

کوردستان

23/04/2020     ژمارەی بینراو 5543

راچڵەكین
 
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، پلاتفۆڕمێكی لەژێر ناوی خوێندنگەی ئەلیكترۆنی راگەیاند، كە لەڕێگەی وێبسایتی www.ewane.krd  خوێندكاران دەتوانن سەردانی بكەن و هەر مامۆستایەكیش ئەكاونتێكی تایبەتی بۆ دروستدەكرێت.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، بۆ هەر خوێندكارێك كۆدێكی تایبەت دروستكراوە، كە دەتوانێت لەوێوە بابەتی وانەكانی خۆی ببینێت، كە لە خوێندنگە خوێندوویەتی و تۆماركراون، هەروەها مامۆستایانیش ئەكاونتیان بۆ دروستكراوەو دەتوانن لەگەڵ خوێندكارەكانیان لە پەیوەندیدا بن.

وتیشی:" پرۆسەكە پرۆسەیەكی پاڵپشتیكارە (نائیلزامییە)، تیایدا مامۆستا دەتوانێت لەگەڵ خوێنكارەكانی لە پەیوەندیدا بێت بەشێوەی گفتوگۆی نووسراو، (ڤیدیۆ و دەنگ)".

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ زۆربەی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن قسەی كردووە، بۆئەوەی وێبسایتەكە بەشێوەیەكی خۆڕایی (فری) بەردەستبێت، وتی: بەشی زۆری كۆمپانیاكانیش ئامادەییان بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە دەربڕیوە.

دەقی پەیامەكە: 

مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران و خانەوادە بەڕێزەكان ئەم كاتەتان باش..

وەك ئاگادارن رۆژی 25ی شوباتی 2020 ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا پشوو لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن رابگەیەنێت، بە گوێرەی ئاماری رێكخراوی یونسكۆ هەتا 20ی نیسان، لە 191 دەوڵەتدا زیاتر لە یەك ملیار و 575 ملیۆن قوتابی لە ناوەندەكانی خوێندن دابڕاون و ئەمەش دەكاتە %91.3ی هەموو قوتابیانی جیهان. بەشێك لە دەوڵەتان پەنایان بردووەتە بەر ئەوەی بتوانن بە شێوەی ئۆنلاین قەرەبووی خوێندن بكەنەوە.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە رەچاوكردنی تایبەتمەندی دۆخی هەرێمی كوردستان بڕیارماندا پلاتفۆرمێكی تایبەت بە واقیعی خۆمان رابگەیەنین. لە ژێر ناونیشانی "قوتابخانەی ئەلیكترۆنی"، كە پۆرتاڵێك دەبێت لە رێی وێبسایتی (www.ewane.krd) قوتابیان دەتوانن سەردانی بكەن. بۆ هەر قوتابییەك كۆدێكی تایبەت درووست كراوە. دەتوانێت لەوێوە ڤیدیۆ و بابەتی وانەی قوتابخانەكەی، كە تۆمار كراوون بیانبینێت. ئەكاونتیش بۆ مامۆستایان و بەڕێوبەران درووستكراوە. بۆ ئەوەی سەرپەرشتی و چاودێری ئامادەبوونی قوتابیان بكەن و چاودێری پرۆسەكە بكەن. ئەم پرۆسەیە نا ئیلزامییە. پاڵپشتیكارە. قوتابی دەتوانێت بە دەنگ و ڤیدیۆ و تێكست سوود لە وانەكانی وەربگرێت.

ئێمە بە سووپاسەوە بۆ ئەو ئەو بەڕێزانەی هاوكارمان بوون، بە تایبەتی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، كە توانراوە لەگەڵ كۆمپانیاكانی پەیوەندی قسە بكرێت بۆ ئەوەی ئەو وێبسایتە فری بكرێت. بەشی زۆری كۆمپانیاكان بەڵێنیان داوە ئەو سایتە فری بكەن.

ئەو وێبسایتە لە قۆناغی یەكی بنەڕەتییەوە تا 12ی تێدایە. هەروەها پەیمانگەكانیشی تێدایە. خوێندن بە شێوەزاری سۆرانی و بادینی و زمانی عەرەبی و توركمانی و سریانی تێدایە. هەروەها خوێندنی بە سەرجەم قوتابخانە پیشەییەكان تێدایە.

قوتابیان لە رێی ستافی كارگێڕی قوتابخانەكانیانەوە ئەو كۆدەیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی داخلی ئەو پلاتفۆرمە بن. دەتوانن لەوێشەوە پەیام بۆ مامۆستاكانیان بنێرن و مامۆستاكانیش وەڵامیان بدەنەوە و وێنەی ئەركەكانیان بگرن بۆ مامۆستاكانیان بنێرن.

داواكارین لە هەموو لایەك هانی منداڵان و قوتابیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە وانەكان وەربگرن. راستە ئێستا پرۆسەی خوێندن بە شێوەی نیزامی لە قوتابخانەكان وەستاوە، بەڵام ئەم قوتابخانە ئەلیكترۆنییە پاڵپشتیكارە و وەك ئەركێكی وەزارەت بە پێویستمان زانی بۆ قەرەبووكردنەوە و تەرخانكردنی هەلی خوێندن بۆ قوتابیان ئەم پرۆژەیەمان راگەیاند، بە شێوەی نا ئیلزامی بۆ قوتابیان بەردەستە.

بەڕێزان ئێمە دەزانین لە هەموو ماڵێكدا مۆبایلی زیرەك و كۆمپیوتەر بوونیان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین لە بەشێكی زۆر لە ماڵەكان بوونیان هەیە، داواكارین هیچ خێزانێك خۆی نەخاتە ژێر باری كڕینی ئەو ئامێرانە. هەموو ئەو بەڕێزانەی لە ماڵەكانن و تەنیا یەكێك لە ئامێرەكانی سمارتفۆن، تابلێت، كۆمپیوتەر هەبێت، دەتوانن سوودی لێ وەربگرن و بینەری وانەكان بن. ئەگەر هاتوو قوتابییەك ئەو ئامێرانەی لەبەردەست نەبوو، رۆژانە كاتژمێر 10ی بەیانی تا 10ی شەو، لە تەلەڤزیۆنی پەروەردەییەوە رۆژانە كەمتر لە 14 وانە پەخش ناكەین. بۆیە داواكارین هەموو ئەوانەی دەستیان بەو ئامێرە هۆشمەندانە راناگات، با سوود لە تەلەڤزیۆنی پەروەردەیی وەربگرن.

ساڵی خوێندنی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت. بە تایبەتی قوتابیانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی، كە هیچ وانەیەك داخل نابێت ئەگەر لە پۆل نەخوێنرابێت، یاخود نەخوێنرێت، بۆ تاقیكردنەوەكان ئەو بابەتانە بە هیچ جۆرێك داواكراو نین. بەڕێوبەرایەتی گشتی ئەزموون و پرۆگرامەكان و پەروەردەی پارێزگاكان لیژنەیەكن بۆ دیاریكردنی ئەو بابەتانەی كە پێویستن بۆ تاقیكردنەوەكانی وەزاری دیاری بكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن