راچڵەكین-
ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دادگای ئیتیحادی باڵا خۆی خستۆتە شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان، ئەمەش پێشێلكردنێكی ڕوونە بۆ ماددە (93)ی دەستوری عێراقی ساڵی (2005).
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان وەڵامی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دایەوە لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 11 كورسی كۆتاكان لەپەرلەمانی كوردستان.
وەك لەراگەیەندراوی ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستاندا هاتووە، هێنانەكایەی دەقی یاسایی لە بڕیاری دادگای ئیتیحادی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرپێچییەكی ڕوونە بۆ ماددە (47)ی دەستور كە دەقی كردووە لەسەر ئەوەی هەر دەسەڵاتێك پیادەی تایبەتكارییەكانی خۆی دەكات لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.
بەیاننامەی ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان – عێراق
لە سۆنگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی مێژوویی و یاسایی بەرامبەر بەو ئاراستە نوێبەی دادگای ئیتیحادی باڵای عێراقی لە بڕیارەكانی ئەم دواییەیدا لەخۆی گرتووە دەربارەی ئەو دەعوایانەی دژ بەهەرێمی كوردستان بەرزكراونەتەوە، كە چەندین سەرپێچی لەخۆگرتووە بۆ دەقە دەستورییە ڕوونەكان و بنەما یاساییە چەسپاوەكان، هەروەها لە ڕوانگەی باوەڕبوونمان بە سیستەمی فیدرالی لە عێراق، ئێمە لە ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان - عێراق، گرنگترین تێبینییە یاساییەكانمان دەربارەی ئەو سەرپێچییانە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو:
1- دادگای ئیتیحادی باڵا خۆی خستۆتە شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان، بەجۆرێك لە حوكمی دەعوای ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەی (131) و(185)/ ئیتیحادی/2023، چەندین دەقی یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانی (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ی حوكمی ئاماژەپێكراودا، ئەویش دوای ئەوەی بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونی هەندێك ماددە و بڕگەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو. ئەمەش پێشێلكردنێكی ڕوونە بۆ ماددە (93)ی دەستوری عێراقی ساڵی (2005)، بەتایبەت بەندی (یەكەم)ی، كە تیایدا كاری دادگەی ئیتیحادی باڵا كورتكراوەتەوە سەر پیادەكردنی تایبەتكاری چاودێرییكردنی مەودای دەستوری بوونی یاسا و پێڕەوە بەركارەكان. بۆیە هێنانەكایەی دەقی یاسایی لە بڕیاری دادگەی ئیتیحادی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرپێچییەكی ڕوونە بۆ ماددە (47)ی دەستور كە دەقی كردووە لەسەر ئەوەی هەر دەسەڵاتێك پیادەی تایبەتكارییەكانی خۆی دەكات لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان.
2- پابەند نەبوونی دادگای ئیتیحادی باڵا بە عەریزەی دەعوای داواكار، بەجۆرێك داواكاری دەعوای ژمارە (83)ی ئاماژەپێكراو، داوای هەڵوەشاندنەوەی یازدە كورسییەكەی (كورسییەكانی كۆتا)ی نەكردووە، بەڵكو داوای دوبارە دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە بەسەر پارێزگەكانی هەرێم بەگوێرەی پێوەری ژمارەی دانیشتووان، كەچی دادگای ئیتیحادی باڵا لە بەندی (یەكەم)ی حوكمەكەیدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونی دەستەواژەی (یازدە) لە ماددەی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ی هەمواركراو، ئەمەش داواكار لە عەریزەی دەعواكەی داوای نەكردبوو، بەم پێیەش ئەمە دەبێتە پێشێلكردنێكی ڕوونی ئەو بنەمایەی لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەی عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەی داواكار داوای دەكات.
3- لە دەعوای ژمارە (83)ی ئاماژەپێكراو دیارە كە كەسانی داوالێكراو بریتین لە:
- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
- سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
- سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
دادگای ئیتیحادی باڵا لە بەندی (هەشتەم)ی حوكمی دەعوای ئاماژەپێكراو بڕیاریداوە بە رەتكردنەوەی دەعوا بەرامبەر هەردوو داوالێكراو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر ئاراستەنەبوونی نەیاری (عدم توجه الخصومە). بەمەش نەیاری (الخصومە) كورتكرایەوە سەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دادگەی ئیتیحادی باڵا بێئاگایە لەوەی بەبڕیاری ژمارە (233) و یەكخراوەكانی (239) و(248) و(253)/ئیتیحادی/2022 لە 30/5/2023 حوكمی داوە بە نادەستوریی بوونی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان - عێراق ژمارە (12)ی ساڵی 2022، بەم پێیەش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم ئەندامەكانی لەبنەڕەتدا بوونی یاساییان نەماوە، لە كاتێكدا ماددەی (4)ی یاسای دادبینیی مەدەنیی ژمارە (83)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو مەرجی داناوە بەوەی پێویستە داوالێكراو نەیار بێت. بەگوێرەی ئەم ماددەیە پێویست بوو دەعواكە رەت بكرێتەوە لەبەر نادروستی مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەك نەیارێك چونكە لەكاتی بەرزكردنەوەی دەعواكە بوونی یاسایی نەماوە.
4- سەرپێچیكردنی دادگای ئیتیحادی باڵا بۆ رێسا یاساییە رێكارییەكان، كاتێك لە دەعوای ژمارە (233) و یەكخراوەكانی (239) و(248) و(253)/ئیتیحادی/2022، بڕیاریداوە بە قەبولكردنی نووسراوی لادانی هەردوو بڕیكار (د. وعدی سلێمان مزوری) و فەرمانبەری مافپەروەر (شەرمین خچر بهجت)، هاتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە (1369) لە ڕێكەوتی 23/5/2023 و هەڵوەشاندنەوەی تەخویلكردنی ئامادەبوونیان لەدادبینیكردن لەبەردەم دادگای ئیتیحادی لە دەعوای ئاماژەپێكراودا. كەچی دادگەی ئیتیحادی باڵا لەبڕگەی ژمارە (1)ی حوكمی ئاماژەپێكراویدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان - عێراق ژمارە (12)ی ساڵی 2022، بەم حوكمەش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی لادانی هەردوو بریكاری ئاماژەپێكراوی نامێنێت.