رێكخراوی تەندروستی جیهانی: ئایندەی نەوەیەكی تەواوەتی لە غەززە لەمەترسیدایە

جیهان

22/03/2024     ژمارەی بینراو 145


راچڵەكین-  
بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێیوایە، زیادكردنی یارمەتییەكان لە رێگەی وشكانیەكانەوە بۆ ناو غەززە دەكرێت یاریدەدەر بێت بۆ ڕێگرتن لە برسێتی لە كەرتی غەززە كە دانیشتوانییەكی زۆری هەیە. 

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند"لە ئەنجامی بەدخۆراكی و نەخۆشی و نەبوونی ئاوی پاك منداڵان لە كەرتی غەززە رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، داهاتووی نەوەیەك بەتەواوی لە مەترسییەكی گەورەدایە". 
 
ئەو شەڕوپێكدادانەی زیاتر لە پێنج مانگە لە كەرتی  غەززە بەردەوامە كە دوو ملیۆن و 300 هەزار كەسی تێدا نیشتەجێیە، بووەتە هۆی كەمبوونەوەی خۆراك، بەگوێرەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكایش، لە  هەندێك ناوچەدا كەمبوونەوەی خۆراك ئاستی برسێتی تێپەڕاندووە.  
 
تێدرۆس دەڵێت"هەوڵەكانی ئەم دواییە بۆ گەیاندنی خۆراك لە رێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە پێشوازییان لێدەكرێت، بەڵام زیادكردنی یارمەتییەكان لە رێگەی وشكانییەوە دەبێتە مایەی گەیاندنی زیاتری یارمەتییەكان و رێگرتن لە برسێتی."
 
بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، سەرلەنوێ‌ داوای لە ئیسرائیل كرد "دەروازەی زیاتر بۆ گەیاندنی ئاو و خۆراك و پێداویستی پزیشكی و هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ناو غەززە بكاتەوە و رایگەیاند كە "زۆرجار داواكارییەكانیان بۆ گەیاندنی پێداویستییەكان بۆ كەرتی غەززە رادەگیرێن یان ڕەتدەكرێنەوە". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن