ئەمریكا بۆ ئێران: ئاگاداریی بۆردومانەكەی دیمەشق نیین

جیهان

02/04/2024     ژمارەی بینراو 170


راچڵەكین- 
دوو بەرپرسی ئەمریكایی رایانگەیاندووە، ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن راستەوخۆ تارانی ئاگادار كردووەتەوە كە ئاگاداری بۆردومانی كونسوڵخانەی وڵاتەكە نەبووە لە دیمەشق و واشنتۆن هیچ پەیوەندییەكی بەو رووداوەوە نییە.

كەناڵی (ئێن بی سی) لە زاری دوو بەرپرسی  ئەمریكایی بڵاویكردەوە، ئیدارەی ئەمریكا كاتێك لە هێرشەكە ئاگاداركراوەتەوە كە فڕۆكەكانی ئیسرائیل لەسەر ئاسمانی دیمەشق بوون. 

بە وتەی ئەو دوو بەرپرسە ئەمریكاییە، تا ئێستا واشنتۆن زانیاریی تەواوەتی وەرنەگرتووە كە محەممەد رەزا زاهیدی فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران لەنێو كوژراوەكانی هێرشە ئاسمانیەكەدا بێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە سوپای پاسداران كوژرانی زاهیدی فەرماندەی سوپای قودسی سوریا و لوبنانی راگەیاندووە، وێڕای راگەیاندنی كوژرانی محەمەد هادی رەحیمی جێگری و پێنج ئەفسەری تری سوپا قودس "لە هێرشەكەی ئیسرائیل بۆسەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق".  

فڕۆكەكانی ئیسرائیل باڵەخانەی كونسوڵخانەی ئێرانیان لە دیمەشق بۆردومان كرد و بەو هۆیەوە زیانێكی زۆر بە بارەگای كونسوڵخانەكە و چەند تەلارێكی دراوسێی كونسوڵخانەك  گەیشت. 

حسێن ئەكبەری باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی كونسوڵخانەی ئێران، 5 بۆ 7 كەس كوژراون ز لە نێو كوژراوەكاندا راوێژكاری سەربازی ئێرانی هەن كە لەو ساتەدا میوانی كونسوڵخانەكە بوون. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن