راگەیەندراوێك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە

کوردستان

02/04/2024     ژمارەی بینراو 724

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئاشكرا دەكات و راشیدەگەیەنێت: داخوازی هاوڵاتیان بۆ مووچەو بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لەڕێی پەرلەمان و حكومەتێكی نوێوە دەكرێت كە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵكی كوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەكانی كوردستان  و شایستە داراییەكانی گەلەكەمان  بكات و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی دانوستاندێكی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بكات.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی 

مەكتەبی سیاسیی  بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوووە و دیسانەوە تەئكیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەكێتیی كردەوە كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە لەوادەی دیاریكراوی خۆی لە ( ١٠-٦- ٢٠٢٤).

لە كۆبوونەوەكەدا  كە ئەمرۆ ٢-٤- لە دەباشان  بۆ تاوتوێكردنی دوا ئامادەكارییەكان و بەرنامەی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتیی لەم بوارەدا بەڕێوەچوو، هەڤاڵان بە تێكڕا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەك بوون بەو وادەی  كە لە لایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و كۆمسیۆنی  باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش ئامادەكاری پێویستی بۆ كردووە.

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموكراتی كوردستان كە خەونی لە مێژینەی گەلەكەمانە و خەباتێكی بێوچانی بۆ كراوە،  هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دیموكرات كردەوە كە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەكانی هەڵبژاردنیش بەشێكە لە ئاماژە جەوهەرییەكانی پاك و بێگەردی پرۆسەكە، كۆبوونەوە دووپاتیشی كردەوە نوێكردنەوەی دامەزراوە دەستورییەكانی وەك پەرلەمان و حكومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەكەشمان بۆ  داكۆكی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.

مەكتەبی سیاسیی  هەڵوێستی روون و ئاشكرای یەكێتیی تەئكید كردەوە كە ئەمڕۆ داخوازی هاوڵاتیان بۆ مووچەو بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لەڕێی پەرلەمان و حكومەتێكی نوێوە دەكرێت كە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵكی كوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەكانی كوردستان  و شایستە داراییەكانی گەلەكەمان  بكات و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی دانوستاندێكی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بكات.

بەشێكی كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆك بافڵ و وەفدی باڵای یەكێتیی بۆ روسیای فیدرال و دیدارەكانی لە مۆسكۆی پایتەختی ئەو وڵاتە،  كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی  سەردانەكەی بە سەركەوتوو  و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا كە دەبێتە مایەی گەشەكردنی پەیوەندی یەكێتیی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ كوردستان.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 
٢ ی ٤ ی ٢٠٢٤

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن