دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەی كەیسێكی گەندەڵی دەدات

عێراق

02/04/2024     ژمارەی بینراو 196

راچڵەكین -

دادگای تاوانەكانی دیوانیە، سزای دوو ساڵ زیندانیكردن بەسەر تاوانبارێك دەسەپێنێت كە لەڕێگەی ساختەكردنی بەڵگەنامەی فەرمییەوە، 25 دۆنم زەوی خستبووە سەر ناوی خۆی، كە خاوەندارییەتییەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق دەگەڕێتەوەو بەهاكەشی دەیان ملیار دینارە.

دەستەی دەستپاكیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دادگای تاوانەكانی دیوانیە (باشووری عیراق) كەیسی زەوییە گرانبەهاكەی وەزارەتی دارایی یەكلایی كردەوەو سزای دوو ساڵ زیندانیكردنی بەسەر ئەو تاوانبارەدا سەپاند كە زەوییەكەی خستبووە سەر ناوی خۆی.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تاوانبارەكە لەرێگەی ساختەكردنی بەڵگەنامەی فەرمییەوە، زەوییەكی لەسەنتەری شاری دیوانیە خستووەتە سەر ناوی خۆی، كە رووبەرەكەی 25 دۆنمەو لەبنەڕەتدا خاوەندارییەتییەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق دەگەڕێتەوەو بەهاكەشی نزیكەی 60 ملیار دینارە.

تاوانبارەكە، بەهاوكاری چەند كەسێكی دیكە، كە تائێستا دەستگیرنەكراون، بەڵگەنامەی فەرمیی ساختەكردووەو لە بەِێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی دیوانیە، زەوییەكەی بەناوی خۆیەوە كردووە، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە، گەندەڵییەكە ئاشكرا بووە.

دادگای تاوانەكانی دیوانیە، بەپێی ماددەی 290 لە یاسای سزادانی عیراقی، سزای دوو ساڵ زیندانیكردنی بەسەر تاوانبارەكەدا سەپاندو داواشی لەو فەرمانگانەی دەوڵەت كردووە كە بەهۆی ئەو گەندەڵییەوە دووچاری زیان بوون، بۆیان هەیە داوای قەرەبوو لە تاوانبارەكە بكەنەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن