لە چوار مانگدا ١٨ فەرماندە و ئەندامی پاسداران لە سوریا کوژراون

جیهان

03/04/2024     ژمارەی بینراو 131

ڕاچڵەکین

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و غەزەوە تاوەکو ئێستا ئیسرائیل ١٠ هێرشی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر ئەندامان و پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا و ١٨ کەسیان لێکوشتوون.

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، لیستی کوژراوانی سوپای پاسدارانیان لە سوریا بڵاوکردووەتەوە، کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەزەوە لەو وڵاتە بەهێرشی ئاسمانی ئیسرائیل کوژراون.

 بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە لە ٢ی ١٢ی ٢٠٢٣ەوە تاوەکو ٢ی ٤ی ٢٠٢٤، ئیسرائیل ١٨ ئەندامی ئەندام و فەرماندەی باڵای پاسدارانی کوشتووە.

هێرشەکەی دووشەممەی ڕابردوو بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا لە ناوچەی ئەلمەزەی دیمەشق کە ٧ فەرماندەی تێدا کوژرا، بە گەورەترین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی ئێران لە سوریا دادەنرێت.

لەو هێرشەدا٢ فەرماندەی پلەباڵا و ٥ ئەفسەریش کوژران. کە گرنگترینیان محەمەدڕەزا زاهیدی بوو. ئێران هەڕەشەی توندی کردووە و ڕایگەیاندووە، کە تۆڵەی ئەم هێرشانە دەکەنەوە.

ئیسرائیل تاوەکو ئێستا ١٠ هێرشی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر ئەندامان و فەرماندەکانی سوپای قودس، کە زۆرجار ئێران ئەو هێزانە وەکو ڕاوێژکاری سەربازی ناودەبات.

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی هێرشەکەی ئەم دواییەوە ڕایگەیاند، "ئیسرائیل سزای خۆی وەردەگرێت و لەم تاوانانەی پەشیمان دەبێتەوە."

هاوکات ئیبراهیم ڕەئیسیش سەرۆککۆماری ئێران وتی لە بەیاننامەیەکدا وتی، ئەم هێرشەی ئیسرائیل بێ وەڵام نامێنێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن