ئیسرائیل هەزاران فەلەستینی دەستگیر دەكات

جیهان

06/04/2024     ژمارەی بینراو 148

راچڵەكین -

هەڵمەتی دەستگیركردنی هاووڵاتییانی فەلەستین لە كەناری خۆرئاوا لەلایەن هێزەكانی ئیسرائیلەوە بەردەوامەو ئەمڕۆ شەممە 45 كەسی دیكە دەستگیركران، بەپێی ئامارێكی دەستەی كاروباری دیل و ئازادكراوەكانی فەلەستینیش، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا، ژمارەی دەستگیراوان هەشت هەزار كەسی تێپەڕاندووە.

دەستەی كاروباری دیل و رزگاركراوەكانی فەلەستین، كە رێكخراوێكی حكومییە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە كەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل هەڵمەتێكی رەشبگیری لە ناوچەكانی كەناری خۆرئاوا دەستپێكردووەو تائێستاش بەردەوامە.

لە راگەیەندراوكەدا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە سوپاو پۆلیسی ئیسرائیل 45 كەسیان لە كەناری خۆرئاوا دەستگیركرد، بەمەش كۆی ژمارەی دەستگیركراوەكان لە رۆژی 7ی تشرینی یەكەمی ساڵی پار تاوەكو ئێستا، گەیشتووە هەشت هەزار و 80 كەس، كە ژمارەیەكی زۆریان ژنن.

دستگیركردنی ئەو ژمارە زۆربەی فەلەستینییەكان، لەدوای هەڵمەتێكی فراوانی هێزەكانی ئیسرائیل دێت بۆ قەدەغەكردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەشارەكانی خەلیل، جنین، نابلوس، توڵكەرم، رامەڵڵا و ئەریحا.

دەستەی كاروباری دیل و رزگاركراوەكانی فەلەستین لە راگەیەندراوەكەی ئاماژەی بەوەشكردووە، جگە لە هەڵمەتی دەستگیركردنی هاووڵاتیان، تاوەكو ئێستا 459 كەسی دیكەش لە كەناری خۆرئاوا بە تەقەی هێزەكانی ئیسرائیل كوژراون و زیاتر لە چوار هەزارو 750 كەسی دیكەش بریندار بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن