نرخی عومرەكردن هەرزان دەبێت

کوردستان

11/04/2024     ژمارەی بینراو 358


راچڵەكین-

بەرپرسێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە كۆتایی مانگی داهاتوودا گەشتی حاجییان هەرێمی كوردستان بۆ سعودیە دەست پێبكات، ئاماژە بە هەرزان بوونی نرخی عومرەش دەكات. 

كاروان ستونی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی كوردستان ڕایگەیاند، زۆربەی ئامادەكارییەكانی گەشتی حاجییان تەواو بوون، دوای جەژن خشتەی گەشتەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق ڕێكدەخرێن و كۆتایی مانگی داهاتوو دەست بە گەشتەكان دەكرێت.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، ئەمساڵ ژمارەی حاجییان چوار هەزار و 685 كەسە، سێ هەزار و 185 كەسیان بە فڕۆكە و هەزار و 500 كەسیان لە ڕێگای وشكانییەوە گەشت دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە، ئێستا ئامادەكاری بۆ وەرگرتنەوەی ڤیزەی حاجییان دەكرێت.

لە بارەی نرخی عومرە كاروان ستونی دەڵێت، بەهۆی ڕێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ هەرزانكردنی نرخی عومرە دەكرێت بۆ كەمتر لە 500 دۆلار.

پێشتر نرخی گەشتی عومرە لەنێوان 850 بۆ هەزار و 400 دۆلاردا بوو، ئەمەش بەپێی نزیكی ئوتێلەكان لە حەرەمی مەككەوە، لە ڕێی وشكانیشەوە نرخەكەی لەنێوان 450 بۆ 500 دۆلار بووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن