"سلێمانی پێشەنگی شارەكانی هەرێم و عیراقە"

کوردستان

11/04/2024     ژمارەی بینراو 191



راچڵەكین- 
سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن لیژنەكانی قائیمقامیەتەوە لەمانگی رەمەزاندا تۆماركراون، سلێمانی لەرووی تەندروستییەوە لەسەر ئاستی شارەكانی هەرێم و عیراق پێشەنگە.

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن  گۆران قادر سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی پارێزگای سلێمانی بڵاوكرایەوە، "لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا، بەشێوەیەكی بەردەوام لیژنەكان سەردانی دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكانیان كردوە و لە هەڵمەتەكانیاندا پشكنینیان بۆ سەرجەم ئەو خواردن و خواردنەوانە ئەنجامداوە كە لەلایەن بازرگانەكانەوە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێن".

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە بۆ خاوەن شوێنەكان و كارمەندەكانیان كە زۆربەی زۆری ئەو چێشتخانە و ریستۆرانت و هەمو ئەو شوێنانەی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەردانیكردون كە خواردن و خواردنەوە دروست دەكەن، پابەندی مەرجەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەكانی دیكەی كاركردن بون".

سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی پارێزگای سلێمانی دەڵێت"لەسەر بنەمای ئامارە تۆماركراوەكانی مانگی رەمەزانی پیرۆز و بەهۆی پابەندبونی شوێنەكان بەمەرج و رێنماییەكانی كاركردن، سلێمانی پێشەنگی پاكوخاوێنییە لەسەر ئاستی تەواوی شارەكانی هەرێم و عێراق، كە ئەوەش ئامانجی سەرەكی كاروچالاكی رۆژانەی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییە نەك سزادان و زیان گەیاندن بە بازاڕیان".

ئەوەشیخستەڕوو، "ژمارەیەكی زۆر كەم لە چێشتخانە، رێستۆرانت و كارگەكانی ئامادەكردنی شەربەت و شیرینی سەرپێچییان كردوە كە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە روبەڕوی داخستن و رێكاری یاسایی كراونەتەوە".

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەت باسی لەوەشكرد، لە پێناوی بەرژەوەندی و تەندروستی گشتی و بۆ ماوەنەوەی شاری سلێمانی لە ئاستی جێبەجێ كردنی رێنماییەكانی كاركردن، دواكارین لە خاوەن شوێنەكان زیاتر  پابەندی مەرجەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەكانی دیكەی كاردن بن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن