"ئەپیکور" لەبارەی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە

ئابوری

12/04/2024     ژمارەی بینراو 156

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە گەشتی سەرۆکوەزیزانی عیراق هاتەدەنگ و دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ کۆشکی سپی دەرفەتێکە بۆ بەرەوپێشچوون بە ئاراستەی کردنەوەی بۆری نەوتی عیراق-تورکیا.

 

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنانی بواری نەوت و گازە. لە مانگی شوباتی 2023 لەلایەن کۆمپانیاکانی DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum دامەزراوە. ئەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت و گاز، لە هەرێمی کوردستان چالاکن. 

ئەپیکور لەبارەی گرنگی سەردانەکەی محەممەد شیاع سودانییەوە بۆ ئەمریکا دەڵێت: سەردانەکەی لە ١٥ی نیسان خشتەی بۆ دانراوە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆتاییپێهێنان بەو چەقبەستووییە لە بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە.

دەشڵێت :" کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور پابەندن بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەن، ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، باوەڕمان وایە دەکرێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە لە بەرژەوەندی هەموو عیراقییەکدا بێت."

ئەپیکور هەر خۆشی لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم دەکات و دەڵێت:" زیاتر لە ساڵێکە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عیراق-تورکیا ڕاگیرا، دوای بڕیارێکی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی و بڕیارێکی دادگی ناوبژیوانی لە نێوان عێراق و تورکیا."

هەرچەندە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تورکیا بەفەرمی ڕایگەیاندووە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عیراق٠تورکیاوە، بەڵام تا ئێستاش هەناردە ڕاگیراوە، بەهۆیەوە ڕۆژانە لە بازاری وزەی جیهان نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە دەستدەدات، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی نەوت لە جیهان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌ زیانه‌كانی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، نەبوونی رێككەوتنێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، زیانی 14.5 ملیار دۆلاری بە داهاتی عێراق گەیاندووە، هەروەها لە هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوتیش ژمارەیەكی زۆر خەڵكی كارەكانیان لەدەستداوە و دەرفەتی وەبەرهێنانیش كەمبووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن