بۆچی ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلدا گرتووە؟

جیهان

13/04/2024     ژمارەی بینراو 237

راچڵەکین-

 

ئەمڕۆ هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز دەستدەگرێت بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلیدا بە 25 کارمەندەوە.

 

کەشتییەکە بەناوی (MSC Aries)ەوەیە و بەئاڵای پورتوگالەوە کار دەکات و، تایبەتە بە کۆمپانیای زودیاک مێریام کە ناوەندەکەی لە لەندەنە، خاوەنەکەی ملیاردێرێکی ئیسرائیلییە بەناوی "عەیال ئوفەر".

گەرووی هورمز دەکەوێتە باشووری ئێران لەنێوان کەنداوەکانی عەرەبی و عومان. پێنجیەکی هەموو نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن باس لەوە دەکەن ئێران لەم ماوەدا بەنیازی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلە.

ئاژانسی ئەلعەرەبییە ئاماژەی بەوە کردووە، چەند سەرچاوەیەک پێیان ڕاگەیاندووین ئێران بڕیاریداوە بە دەستبەسەردا گرتنی ئەم کەشتییە تۆڵەی خۆی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق بکاتەوە.

 

تۆڕی هەواڵیی "ئەلحەدەس"ی سعودییەش هەمان بۆچوونی بڵاوکردووەتەوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە باس لەوە دەکرێت تەنها بەشێکی کەشتییەکە تایبەتە بە ئیسرائیل.

بەڵام تا ئێستا لێدوانێکی فەرمی لەبارەی ئەم بانگەشەیەوە نیە. پێشتر ئەمریکییەکان بە ئاژانسێکی میدیایی وڵاتەکەیان وتبوو کە ئێران سەد مووشەکی کروزی بۆ تۆڵەکردنەوەکە ئامادە کردووە.

 

میدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن، ئەم هەنگاوەی ئێران وەڵامی ئیسرائیل نیە بەڵکو پەیامێکە بۆ ئەمریکا بۆئەوەی بڵێن دەتوانین گەرووی هورمز دابخەین.

 

سوپای ئیسرائیل دوای ڕووداوەکە لە پەیامێکدا دەڵێت، بەرپرسیارێتی زیادبوونی گرژییەکان دەکەوێتە ئەستۆی ئێران.

 

وتیشی، ئامادەی هەموو سینارۆیەکین بۆ هێرشی ئێران و وەڵاممان دەبێت.

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن