ئیسرائیل بڕیاری دەرکردووە هێرش بکاتە سەر ئێران

جیهان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 493

راچڵەکین- 

بەرپرسانی ئیسرائیلی رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، لە کۆبوونەوەی کابینەی جەنگی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، بڕیاریداوە هێرشبکرێتە سەر ئێران.

بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لەوەش کردووە، کە تەنیا لەبارەی سات و چۆنێتی کاردانەوەکە ناکۆکی هەیە، بۆیە بڕیاردراوە بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتەکە بەتەواوەتی، کۆبوونەوەیەکی دیکە بەڕێوەببەن.

رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی باڵای ئەمریکی و ڕۆژئاوایی بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت ئیسرائیل بەخێرایی و ڕۆژی دووشەممە وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.

نیویۆرک تایمزیش بەهەمان شێوە بڵاویکردووەتەوە لەسەر زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی، وێڕای ناڕوونی لە ساتی هێرشەکە بەڵام بەبێ گومان وەڵامی هێرشەکەی ئێران دەدەنەوە.

هاوکات بەوتەی بەرپرسێکی باڵا لە کۆشکی سپی ، جۆ بایدنی سەرۆککۆماری ئەمریکا، بەڕاشکاوی بە ناتانیاهۆی راگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر ئێران، ئەوا نابێت چاوەڕوانی هاوکاری ئەمریکا بکات.

ئەم بەرپرسە ئەوەشی بە ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا کردووە، کە بایدن لە گفتۆیەکیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە  کابینەی جەنگی ئیسرائیل پێویستە بە شێوەیەکی ستراتیژی و وریاییەکی تەواوەوە بیر لە وەڵامی هێرشەکەی ئێران بکاتەوە.

هێرشەکەی ئێران لە وەڵامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە سوریا و کوژرانی حەوت فەرماندەی باڵای هێزی قودس، لە هێرشەکەی ئێرانیش بۆ سەر ئیسرائیل هیچ کوژراوێکی لێنەکەوتووەتەوە، جگە لە برینداربوونی ژمارەیەک هاوڵاتی، بەڵام زیان بە ژێرخانی پێگەیەکی سەربازی کەوتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن