مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 723

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدی، لە پەیامێكدا داوا دەكات هەنگاوەكانی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی ئێزدییەكان كاراتر بكرێت لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و چەرمەسەرییەكانیان پەیوەست نەكرێن بە بابەتی ترەوە.

لەو پەیامەیدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختی لەوەكردووەتەوە كە بە ئەرك و پابەندبوونی پتەوی خۆی دەزانێت وەك هەمیشە پارێزەری شوناسی تایبەتمەندییەكانی ئێزدییەكان بێت، كە پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستانن.

دەقی پەیامەكە:

بە بۆنەی سەری ساڵی ئێزدیی، پیرۆزبایی گەرم لە خوشك و برا ئێزدییەكان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەین و هیوادارین جەژنەكەیان بە شادی و ئارامی ببەنەسەر.

ئێزدییەكان پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستانن و لە كاروانی بزوتنەوەی كوردایەتی و بە تایبەتی لەشۆرشی نوێدا چەندین سەركردە و فەرماندەی لێهاتویان بەشداریی كارایان هەبووە و لەنێو خەباتی پێشمەرگایەتیدا گیانیان بەخشیوە، لە مێژووی دێرین و هاوچەرخیشدا چەندین جار لە لایەن دوژمنانەوە رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، بەتایبەتی لە هێرش و پەلامارەكانی چەند ساڵی رابردووی تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئێزدییەكان پێداگرییان لەمانەوەی شوناسی خۆیان كردووە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئەرك و پابەندبوونی پتەوی خۆی دەزانێت وەك هەمیشە پارێزەری شوناسی تایبەتمەندییەكانی ئێزدییەكان بێت و داواش دەكات هەنگاوەكانی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانیان بە هەماهەنگی زیاتری حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی  كاراتربكرێت لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و چەرمەسەریەكانیان پەیوەست نەكرێن بەبابەتی ترەوە.

لەپێناو داهاتوویەكی گەشتر و پتەوكردنی گیانی پێكەوە ژیان لە نێوان گشت پێكهاتەكانی كوردستان وعێراقدا، تەئكید لە دابینكردنی ژیانێكی شایستەو سەربەرزانە بۆ ئێزدییەكان و گشت پێكهاتەكانی تری كوردستان وعێراق دەكەینەوە.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن