بەرپرسێكی نەتەوە یەكگرتووەكان دەست لەكاردەكێشێتەوە

جیهان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 184

راچڵەكین -

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە لیبیا دەست لەكاردەكشێتەوەو رایدەگەیەنێت: بارودۆخی ئەمنیی ئەو وڵاتە بەرەو خراپتر دەچێت.

عەبدوڵڵا باتیلی، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە لیبیا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بە فەرمی نامەی دەستلەكاركێشانەوەم پێشكەشی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووەو چیتر لەو ئەركە بەردەوام نابم.

باتیلی، كە دیپلۆماتێكی سەنیگالییەو لەمانگی ئەیلولی 2022 وەك نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە لیبیا دەستنیشان كراوە، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی بۆ خراپتربوونی باوردۆخی ئەمنیی لە لیبیاو نەبوونی دەستپێشخەریی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە، گەڕاندەوەو رایگەیاند: لەچەند مانگی رابردوودا، دۆخی ئەمنیی لەو وڵاتە بەرەو خراپتر دەچێت و لایەنە دەرەكییەكانیش رۆڵی باڵادەستیان لە چارەسەرنەكردنی كێشەكانی لیبیا هەیەو رێگرن لە بەئەنجامگەیشتنی هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و رێككەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی ئەو وڵاتە.

ناوبراو هۆشداری ئەوەیدا كە ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، لیبیا سەروەریی خۆی لەدەستدەدات و پشێوی باڵ بەسەر ئەو وڵاتەدا دەكێشێت.

ماوەی چەند ساڵێكە لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا نەیانتوانیوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو رێكبكەون، لەئێستادا ئەو وڵاتە خاوەنی دوو حكومەتە، كە یەكێكیان بە سەرۆكایەتی ئوسامە لە حەمدان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیاوە متمانەی پێدراوەو بارەگاكەی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیە، دووەمیشیان لەلایەن حەمید دەبیبە سەرۆكایەتی دەكرێت و بارەگاكەی لە تەرابلوس-ی پایتەخەو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدانراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن