چیرۆکی شامپانزەیەکی غەمگین کە سێ مانگە بێچووە مردووەکەی لە خۆی جیاناکاتەوە

هەمەڕەنگ

24/05/2024     ژمارەی بینراو 462

راچڵەکین-

سەردانیکەرانی باخچەی ئاژەڵانی "بیوپارک" لە شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا، لە سێ مانگی ڕابردوودا دیمەنێکی سەرسوڕهێنەریان بینیوە؛ شامپانزییەکی خەمگین کە بێچووە مردووەکەی بەدەوری خۆیدا هەڵگرتووە.

ئەم شامپانزییە مێینەیە بە ناوی "ناتالیا" سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی 2024 لە باخچەی ئاژەڵان منداڵێکی لەدایک بووە، بەڵام ئەم بێچووە تەنها 14 ڕۆژ دوای لەدایک بوونی گیانی لەدەستداوە. شامپانزە دایکەکە لەو کاتەوە بە لاشەی بێ گیانی بێچووەکەی لکاوە و ئامادە لێی نییە جیابێتەوە.



میگێل کاسارێس، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "ئەمە ڕەفتارێکە کە پێشتر لە شامپانزیەکاندا بەدی کراوە، نەک تەنها لە باخچەی ئاژەڵان بەڵکو لە ناوچە کێوییەکانیشدا".

ڕەنگە شامپانزیەکان وەک مرۆڤ، نەهەنگ، یان فیل ماتەمینی مردنی کەسە نزیکەکانیان بگێڕن، بەڵام نائاساییە پرۆسەکە ئەوەندە چڕ بێت یان درێژخایەن بێت.

بەڵام کاسارێس دەڵێت، هەروەک مرۆڤ، دەبێت ڕێز لە شامپانزە دایکەکە و ڕەفتارەکانی بگیرێت: "سەردانکەرانمان سەرەتا بە تەواوی تووشی شۆک دەبن کاتێک بێچوویەکی مردوو دەبینن، بەڵام کاتێک بۆیان ڕوون دەکەینەوە کە بۆچی بەجێمان هێشتووە و شامپانزە دایکەکەمان لە ژێر چاودێریدا بەجێهێشتووە، لە بابەتەکە تێدەگەن”.

ناتالیا پێشتر لە ساڵی ٢٠١٨ یەکێک لە بێچووەکانی لەدەستداوە، بۆیە ئەمجارەیان بە وردی چاودێری دەکرێت.

هەرچەندە مردنی بێچوو لە شامپانزیدا زۆرە، بەڵام دەتوانێت بۆ ئەو گرووپی ئەم ئاژەڵە بە زەبر بێت، چونکە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی لەم کۆمەڵە ئاژەڵەدا گرنگییەکی زۆری هەیە.

شامپانزی یەکێکە لەو ئاژەڵە کەمانەی کە وا بیردەکرێتەوە کە تێگەیشتنێکی دروستیان لە مردن هەیە. چەندین لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە شامپانزیەکان کاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بە مردنی ئەندامانی گروپەکە و ڕەفتارێک نیشان دەدەن کە "ماتەمینی" بەبیری مرۆڤدا دەهێنێتەوە.

پێشتر لە کاتی لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵەیەکی شامپانزی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی گینیا، توێژەران تێبینی ئەوەیان کردووە کە دوو لەو دایکانە پاشماوەی وشکەوەبووی کۆرپە مردووەکانیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە.

دۆرا بیرۆ، پسپۆڕی بایۆلۆجی ڕەفتار دەڵێت: "شامپانزی لە زۆرێک لە ئەرکەکاندا هاوشێوەی ئێمەن: هاوسۆزی یەکترن، دادپەروەرن و دەتوانن هاوکاری بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان".

دەڵێت: ئەوەی کە چۆن هەست بە مردن دەکەن، پرسیارێکی سەرنجڕاکێشە. تا ئێستا زانیارییەکی کەم لەبارەی کاردانەوەی شامپانزیەکان بەرامبەر بە مردنی کەسە ناسراوەکانیان زانراوە. تێبینییەکانمان بوونی پەیوەندییەکی زۆر بەهێز لە نێوان دایکان و کۆرپەدا پشتڕاست دەکەنەوە؛ "ئەو پەیوەندیانەی کە دەتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو بەردەوام بن تەنانەت دوای مردنی بێچووەکەش."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن