حە.ما.س بەبڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش رازی بوو

جیهان

11/06/2024     ژمارەی بینراو 364

راچڵەکین-

حەماس ڕایگەیاند بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی دەکات لە بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش کە داوای کشانەوەی ئیسرائیل، ئاڵوگۆڕی دیلەکان، سەرلەنوێ بونیادنانەوە و گەڕانەوەی سڤیلەکان لە غەززە دەکات.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە لە لایەن ئەمریکاوە بۆ پشتیوانی لە گەڵاڵەی جۆ بایدن بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگربەست پێشکەش کرابوو.

ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ١٥ ئەندام لە خۆ دەگرێت، بە ١٤ دەنگی بەڵێ ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پەسەند کرد و ڕووسیا دەنگی بێ لایەنی بۆ پڕۆژەکەی ئەمریکا بەکارهێنا بۆ ئەوەی ڕێگر نەبێت لە پەسەند کردنی. ڕووسیا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی ڤیتۆی هەیە.

بۆ یەکەمجار ڕۆژی ٣١ی ئایار سەرۆکی ئەمریکا باسی لە گەڵاڵەیەکی خۆی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە و بەپێی گەڵاڵەکەی، لە سێ قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت و پشتیوانی دیپلۆماتیکی هەریەکە لە وڵاتانی میسر و قەتەری هەیە.

بە پێی بڕیارنامە سێ قۆناغییەکە، لە قۆناغی یەکەمدا لەپاڵ ئاگربەستی دەستبەجێ، پێویستە بەدیلگیراوەکان ژن، بەتەمەنەکان و برینداران ئازاد بکرێن و لەگەڵ دیلە فەڵەستینییەکان ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت. گواستنەوەی بریندارەکان، گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دابین بکرێت. فەڵەستینییە سڤیلەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵی و حاڵی خۆیان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردن یارمەتیدەر بێت.

بە پێی قۆناغی دووهەمی بڕیارنامەکە، بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکە، بەدیلگیراوەکانی دیکەش ئازاد دەکرێن و ئیسرائیل لەسەرانسەری کەرتی غەززە دەکشێتەوە.

لە قۆناغی سێیەمدا، بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش داوا دەکات کە پلانێکی درێژخایەن بۆ داهاتووی ناوچەکە دابڕێژرێت بۆ بونیادنانەوەی ناوچەکە و تەرمی قوربانیان ڕادەست بکرێتەوە.

لە بڕیارنامەکەدا هەروەها پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی کراوە و ئاماژە بەوەش دراوە کە گرنگە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە ژێر دەسەڵاتدارێتییەکی یەکگرتووی فەڵەستینی دابن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن