باڵیۆزی نوێی توركیا لە عیراق دەستبەكار دەبێت

عێراق

28/06/2024     ژمارەی بینراو 171

راچڵەكین -

هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی لەشكركێشی نوێی توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی نوێی ئەو وڵاتە لە بەغدا دەستبەكار دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئانل بۆرا ئینان-ی وەك باڵیۆزی نوێی وڵاتەكەی لە عیراق دەستنیشان كرد و ناوبراویش دوای ئەوەی نامەی دەستبەكاربوونی پێشكەش بە سەرۆككۆماری عیراق كرد، لە ئەركە نوێیەكەی دەستبەكاربوو.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، رۆژی پێنجشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عیراق، لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، پێشوازی لە ئانل بۆرا ئینان كردو لە دیدارێكدا بە ئامادەبوونی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراو سەرۆككۆماری عیراق هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی توركیا خواست لە ئەركەكانیدا.

ئانل بۆرا ئینان، كە پێشتر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی توركیا بوو لەگەڵ عیراق، رۆژی 1-6ی ئەمساڵ وەك باڵیۆزی نوێی توركیا لە عیراق لە شوێنی عەلی رەزا گونەی دەستنیشان كرا، كە سێ ساڵ ئەو پۆستەی بەڕێوەبرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن