راچڵەکین-
یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی، لە پۆلیسی وڵاتی پیرۆ توڕە بووە، بەهۆی ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی هەڵمەتێکی هۆشیاری دژی ئازاردانی سێکسییان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا کەسێک بە جلوبەرگی ڕیال مەدریدەوە دەردەکەوێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی "مارکا"ی ئیسپانی، دوای بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە، بەرپرسانی یانەی ڕیال مەدرید پەیامێکیان ئاراستەی پۆلیسی پیرۆ کردووە و داوا دەکەن ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە بسڕنەوە و لەم ڤیدیۆیەدا درێسی یانەکەیانی تێدا بسڕنەوە و لەم جۆرە ڤیدیۆیانەدا بەکارینەهێنن. بەرپرسانی ڕیال مەدرید ئەم کارەی پۆلیسی پیرۆیان بە سووکایەتیکردن بە وێنەی مێژوویی ئەم یانەیە زانیوە.
لە ڕیکلامەکەدا، کە ماوەی کەمتر لە خولەکێکە، پۆلیسی پیرۆ، کەسێک کە درێسێکی ڕیال مەدریدی لەبەردایە لەناو ئۆتۆمبێلێکی گشتی (پاس)دا لە ساتەوەختی ئەنجامدانی تاوانێکدا دەستگیردەکات.
ئەم ڤیدیۆیە لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە، کە لە کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا؛ پۆلیس پیاوێکی دەستگیرکرد کە درێسێکی ڕیاڵ مەدریدی لەبەردا بوو، بەهۆی ئازاردانی سێکسی بۆ ژنێک لە وێستگەیەکی گشتیدا.