راچڵەكین -
پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یەكلایی دەكرێتەوەو كەسایەتییەكی سوننەش ئاشكرایدەكات زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران رەزامەندییان لەسەر كاندیدكردنی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە دەربڕیوە.
مەحمود مەشهەدانی، كەسایەتی دیاری سوننەو سەرۆكی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران رەزامەندییان دەربڕیوە بە كاندیدبوونم بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
مەشهەدانی، كە پێشتر یەكێك بوو لە كاندیدەكانی سوننە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوەشكردووە، ناكۆكی لەسەر ئەو پۆستە بەرەو یەكلاییبوونەوە دەچێت، بەڵێنیشی داوە پارێزەری ئەو ئەمانەتە بێت كە دەخرێتە سەر شانی و بەپێی بەرژەوەندی گشتی كارەكانی بكات بە رەچاوكردنی رێڕەوی یاسایی و دەستووری لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان.
تائێستا هیچ لایەنێك بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەیامەكەی مەشهەدانی رانەگەیاندووەو هاوپەیمانی تەقەدومیش بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، كە خۆی بە گەروەترین فراكسیۆنی سوننە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران دادەنێت، زانیارییەكەی ناوبراوی پشتڕاست نەكردووەتەوە.
لەدوای لادانی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە 14-11-2023، تائێستا ئەو پۆستە كە پشكی پێكهاتەی سوننەیە، بە بەتاڵی ماوەتەوەو لایەنەكانی سوننەش بەهۆی ناكۆكیی ناوخۆییانەوە، نەیانتوانیوە كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكەن.