وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: نەوت دابەش دەکرێت و نرخی بەنزینیش دادەبەزێت

کوردستان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 334

راچڵەکین-

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکاری دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی بکرێت. بڕیاریشە شاندێک بچێتە بەغداد بۆ پرسی بەنزین و نەوت و بابەتی پەیوەندیداری دیکە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5-9-2024 بە ئامادەبوونی کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین بەڕێوەچوو.

وەزیری سامانە سروشتییەکان گفتوگۆی لەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی کردوو، لەم ڕووەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەکارییەکانی دەست پێکرد تاوەکو بەم نزیکانە لە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێم بکرێت. 

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنییەتی کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ و هاوردەکردنی بەنزینی زیاتری بازرگانی و لەم ڕووەوە دەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەکە دەکرێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا شاندێکی وەزارەت سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بکات، بۆ دیاریکردن و وەرگرتنی بەشی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی و بەنزین  و کۆمەڵێک پرسی پەیوەنداری دیکە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت: لە زستانی رابردوو بە سەرکەوتوویی توانیمان بڕی سوتەمەنیی پێویست لە نەوتی سپی و بەنزین و غازی ماڵان بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکات و بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵیش دەست بە ئامادەکارییەکانی کراوە.




داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن