راچڵەكین -
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دەنگدانی لەسەر پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵە دەستبەسەرداگیراوەكان بۆ خاوەنەكانیان دواخست، پەرلەمانتارێكیش رایدەگەیەنێت: دەبێ لەماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا رێككەوتن بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكە بكرێت.
لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیاربوو دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسایەكی تایبەت بە گەڕاندنەوەی ئەو موڵكانە بۆ خاوەنەكانیان بكرێت كە لەسەردەمی رژێمی بەعشی هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەڵام دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە دواخرا.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توكرمانی لە ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: دواخستنی دەنگدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش تایبەت بە موڵك و زەوییە كشتوكاڵییەكان، بە رەزامەندی هەردوو كوتلەی كورد و توركمان بوو، بۆ ئەوەی لە ماوەی 72 كاتژمێردا بگەنە رێككەوتن.
هەر لەو بارەیەوە، دیلان غەفور، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئاشكرایكردووە، بڕیاری دواخستنی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكە، دوای ئەوە هاتووە چەند تێبینی و بۆچوونێك لەبارەی یاساكە خراوەتەڕوو، لەسەر ئەو تێبینییانە گفتوگۆو رێككەوتن دەكرێت و دەخرێتەوە ناو پرۆژەكەو لە كۆتا دانیشتنی پەرلەماندا لەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پرۆژەكە دەدرێت.