راچڵەكین -
سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیار دەدات بەڵگەنامەی خێرای گەشتكردن بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لوبنان دەربكرێت كە پاسپۆرتیان نییەو خوازیارن بێنە عیراق.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سوودانی، فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق كردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی لوبنان لە بەغدا، كاربكەن بۆ پێدانی بەڵگەنامەی خێرای گەشتكردن بەو هاووڵاتییە لوبنانییانەی كە ئارەزووی گەشتكردن بۆ عیراق دەكەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاسپۆرت ناتوانن گەشت بكەن.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بڕیارەكەی سوودانی وەك دەربڕینی پشتیوانی و هاوكاریی حكومەتی عیراق دێت بۆ گەلی لوبنان كە ئێستا بە دۆخێكی سەختی مرۆییدا تێدەپەڕن.
ئەم هەنگاوەی حكومەتی عیراق هاوكاتە لەگەڵ ناردنی دەیان تۆن كۆمەك و پێداویستیی پزیشكی بۆ لوبنان، كە لەچەند رۆژی رابردوودا لەڕێگەی مانگی سووری عیراقییەوە رەوانەی ئەو وڵاتە كرا.
لەچەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەكانی باشووری لوبنان، كە سەدان قوربانی لێكەوتەوە، دەیان هەزار هاووڵاتیی نیشتەجێی ئەو ناوچانە، ماڵ و حاڵیان جێهێشت و روویان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكووری وڵاتەكە كرد، هاوكات، هەزاران كەسی دیكەش پەنایان بۆ خاكی سووریا بردووە.