مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕیال مەدرید و میلان لە چامپیۆنزلیگ بزانە

وەرزش

04/11/2024     ژمارەی بینراو 93

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

سبەینێ سێشەممە لە گەڕی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، لە یارییەکی بەهێزدا، یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی لە نێو یاریگا و هاندەرانی خۆیدا میوانداری یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی دەکات.

هەردوو یانە سێ یارییان ئەنجامداوە و ڕیال مەدرید 2 یاریی بردووەتەوە و یەک یاریی دۆڕاوە و لە خانەی 12 یەمدایە، میلان یەک یاریی بردووەتەوە و دوو یاریی دۆڕاوەو لە خانەی 25 مدایە.

ڕیال مەدرید هەوڵدەدات ئەم یارییە بباتەوە بۆ ئەوەی خۆی بباتە پێشەوە و سەرکەوێت بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی، میلانیش هەوڵی بردنەوە دەدات بۆ ئەوەی لە خانەکانی سەرکەوتن نزیک ببێتەوە.

لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، هەردوو یانەی ڕیال مەدرید و ئەیسی میلان 6 جار ڕووبەڕووی یەکبوونەتەوە، هەردوو یانە دوو یارییان لەیەک بردووەتەوە و دوو یاریی بەرامبەر یەک دۆڕاون و دوو یاریی یەکسانبوون. 

ڕیال مەدرید 10 گۆڵی بەرامبەر میلان تۆمارکردووە، میلانیش 8 گۆڵی بەرامبەر مێرێنگێ تۆمارکردووە، ڕائول گۆنزالێز بە گۆڵکاری هەموو کاتەکان دادەنرێت لە یارییەکانی هەردوو یانە، کە 3 گۆڵی تۆمارکردووە.

کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی دەگەڕێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانە کۆنەکەی میلان کە دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵدا بەدەستهێنا.

شایانی باسە دوایین یاری نێوان هەردوو یانە دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی 2010-2011 کە لە قۆناغی کۆمەڵەکان و بە ئەنجامی 2-2 یەکسانبوون.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن