راچڵەكین -
حكومەتی عیراق بڕیاریدا دەستبەجێ نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت و قەرەبووی هەرێمیش بكرێتەوە لە خەرجییەكانی دەرهێنانی نەوت.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا كە بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی بەڕێوەچوو، چەند بڕیارێكی دەركرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، یەكێك لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە، پەسەندكردنی پێشنیاری هەمواركردنەوەی ماددەی 12/دووەم/ج لە یاسای بودجەی گشتی عیراق، ماددەش بەم شێوەیە دەبێت: وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بودجەی سیادی قەرەبووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە لە خەرجییەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم كە بڕەكەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریشیدا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم لەلایەن لایەنێكی راوێژكاریی هونەریی نێودەوڵەتی بخەمڵێندرێت، كە لەماوەی 60 رۆژدا لەلایەن وەزارەتی نەوت بەهەماهەنگی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دیاری دەكرێت.
لە بەشێكی دیكەی بڕیارەكەدا هاتووە، لایەنە راوێژكارییەكە كرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی خەمڵێنراو ئاڕاستەی وەزارەتی نەوت و دارایی عیراق و حكومەتی هەرێم دەكات و كاری پێدەكرێت، بڕی قەرەبووش كە دەدرێتە هەرێم لەسەر بنەمای تێچووی هەر بەرمیلێك نەوتی رادەستكراو دەبێت، نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستانیش دەستبەجێ رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ یاخود وەزارەتی نەوت دەكرێت، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنانیش لەلایەن وەزارەتی داراییەوە وەك قەرز و تێكڕا 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری دەكرێت، كۆی پارەكەش لەدوای تەواوكردنی كارە راوێژكاری و هونەرییەكان، یەكلایی دەكرێتەوە.