راچڵەکین-
١٤ی ١١ی هەموو ساڵێک وەک یادێک بۆ دامەزراندنی شاری سلێمانی لەلایەن میرنشینی بابانەوە دیاری کراوە، ئەمڕۆ سلێمانی تەمەنی بووە ٢٤٠ ساڵ، ئەو شارەی لە سەرەتای دروستکردنییەوە شارێکی خاوەن بڕیار و بیرکردنەوەی خۆی بووە.
سلێمانی یەکێکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە باشووری کوردستانی گەورە و باکووری عێراقەوە. مێژووی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەحمود پاشای بابان، کە لە ساڵی ١٧٨١دا پلانی ئەوەی هەبوو ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی ديكه.
لە سەروبەندی ئەو بیرۆکەیە و راوێژکردنیدا، مەحمود پاشا بڕیاریدا سەرای حکومەتەکەی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروست بکات، دوابەدوای ئەویش ئیبراھیم پاشای بابان کە لە ساڵی ١٧٨٣دا فەرمانڕەوایی گرتە ئەستۆ، دەستیکرد بە دروستکردنی شارەکە.
بەو جۆرەش لە ساڵی ١٧٨٤ شارەکە بە تەواوی دروستکرا و بەناوی باوکی خۆیەوە سلێمان پاشا، ناوی نا. شاری سلێمانی پایتەختی میرنشینی بابان بوو لەو سەردەمەدا، لە هەمان کاتدا مەڵەندێکی گرنگی بازرگانی و رۆشنبیری بوو.
لە سەرەتادا شێوەزاری گۆران لە شارەکەدا باڵادەست بوو، بەڵام دواتر بەگوێرەی تێپەڕینی کات شێوەزاری سۆرانی جێگەی گرتەوە و بووە زمانی فەرمی نووسین و خوێندن.
دوابەدوای ئەو رووداوانە و لە ساڵی ١٨٥١ کە میرنشینی بابان رووخا و دەوڵەتی عوسمانیش لەناوچوو، شارەکە خرایە سەر کۆماری عێراق.
سلێمانی سەرەڕای تەمەنی کە ٢٤٠ ساڵە، بەڵام مێژووی خەبات و شۆڕش و ئەو بیرە یاخییەی لە ناخی خەڵکەکەیدا هەیە، تەمەنی زۆر پڕتر و گەورەتر دەردەخات، بە جۆرێک لەمێژووی دروستبوونییەوە هیچ کاتێک خەڵکی ناوچەکە هەمیشە رازی نەبوون بەوەی هەیە و خاوەن بیر و ڕای خۆیان بوون، خۆ ئەگەر گوێیان لێنەگیرابێت ئەوا هەڵوێستی دیکەیان هەبووە و بە درێژایی مێژووش نەوە دوای نەوە ئەو بیر و هزرە رەنگی داوەتەوە تیایاندا.
بە درێژایی ساڵانی تەمەنی سلێمانیدا چەندین کەسی بیانی لە شارەکەدا خزمەتی سەربازی و حکومیان کردووە، یەکێک لەوانەش ئیلی بانیستەر سەونی نووسەر و ئەفسەری سوپای بەریتانیا بووە، کە ناسراوە بە مێجەرسۆن.
مێجەرسۆن سەرەڕای ئەوەی سیخوڕێکی بەریتانی بووە و هاتنی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیش بەمەبەستی رێگەخۆشکردن بووە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی ئینگلیز لە ناوچەکەدا، بەڵام خزمەتێکی زۆری بە ئەدەب و بواری راگەیاندنی کوردی کردووە.
لە ساڵی ١٩١٩ کە ئینگلیزەکان سلێمانییان داگیرکرد، مێجەرسۆن بوو بە دادوەری سیاسیی شاری سلێمانی، لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ بۆ ١٩٢١ و لە کاتی شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید، ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانیا لە باکووری عێراق بووە و وەک چاودێر بەسەر حکومەتەکەی شێخ مەحمودەوە کاری کردووە، هەر لەو ماوەیەشدا بۆ یەکەمجار رۆژنامەیەکی بە زمانی کوردی لە عیراقدا دەرکدووە بە ناوی 'تێگەیشتنی راستی' و دووەم رۆژنامەی بە زمانی کوردیش لە سلێمانی دەرکردووە بە ناوی 'پێشکەوتن'.
ئەو ئەفسەرە بەریتانیە لە رۆژنامەی پێشکەوتندا کێبڕکێیەکی دروستکرد و گۆشەیەکی بۆ ئەو نووسەرانە دابین کرد کە بە کوردی پەتی دەیاننووسی، دواتر خەڵاتی پێدەبەخشین. هەر ئەو خوێندنی ناوچەکەی کرد بە کوردی و (قوتابخانەی نموونەيی سەعادەت)ی کردەوە، کە خۆشی وانەی تێدا دەوتەوە، جگە لەوەی پشتگیری چاپکردنی یەکەم دیوانی مەحوی کرد.
مێجەرسۆن فەرهەنگی (ئينگليزی – کوردی) دانا و دوو بەرهەمی لەسەر ڕێزمان و بنچينەکانی رێزمانی کوردی نووسی، هەر ئەویش توانی هاوکار بێت لە گۆڕینی ناوی شارەکە لە سولەیمانیەوە بۆ سلێمانی.
مێجەرسۆن بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێلی هێنایە ناو شارەکە و خولی فێربوونی شۆفێری کردەوە، بۆ هاندانی خەڵکیش کە بەشداری خولەکە بکەن، بڕێک پارەی پێدەبەخشین.
سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە رووی رێگا و بانیشەوە جێدەستی دیار بوو و رێگای سەرەکی سلێمانی بۆ کەرکوک و هەڵەبجەی دروستکرد، جگە لەوەی هەر ئەو بوو کە پردی تانجەڕۆی دروستکرد.
مێجەرسۆن لە هەوڵێکی دیکەیدا ئەنجوومەنێکی دامەزراند بەمەبەستی راوێژ و گفتوگۆ و ناوی نا (مەجليسی شار)، کە لەو ئەنجوومەنەدا سەرجەم پرسەکان بە راوێژ بڕیاریان لێوەدەدرا و هیچ بڕیارێک تاک لایەنە نەبوو.
سلێمانی چەند جێگە و شەقامێکی هەیە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکو ئێستا وەک خۆیان ماون و لە بیر و هزری خەڵکی شارەکەدا وێنایەکی تایبەتیان هەیە، جگە لەوەی لە ئەدەبیات و هونەریشدا رەنگی داوەتەوە، لەوانەش بەردەرکی سەرا و شەقامی مەولەوی و باخی گشتی، یان کارێزەکەی وەستا شەریف و گردی مامە یارە و گەڕەکەکانی کانی ئاسکان و جولەکان و چەندین شوێنی دیکە.
بەردەرکی سەرا
لە سەرەتای دروستبوونی شارەکەوە دەبوو جێگەیەک هەبێت کە ببێتە دەروازەی بەڕێوەبردن، جگە لەوەی مەحمود پاشا لە سەراتدا بڕیاریدا سەرای حکومەتەکەی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروست بکات، لەکۆتاییدا لە ساڵی ١٩٢٦ بۆ ١٩٢٨ لە ناوەندی شارەکەدا "سەرا"ی سلێمانی دامەزرا، کە باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی بوو و لە ٤٣ ژوور پێکهاتبوو.
سەرا سەکۆیەک بوو بۆ بەڕێوەبردنی سلێمانی و گەڕانەوە بۆی لە هەر بڕیارێک یان سکاڵایەکدا، بە درێژایی مێژووی شارەکە سەرا لەپاڵ چەندین چالاکی هونەری و ئەدەبی، چەندین رووداوی جیاوازیشی بەخۆوە دیوە. هەر ئەوەش وایکردووە، ئێستا وەک وێردێک لەسەر زاری خەڵکی شارەکەدا ماوەتەوە و کە هەر بابەتێک روودەدات، ئەگەر وەک توانج بێت یانیش وەک گاڵتەو گەپ بەیەکتر دەڵێن: ئەوە سەرا و بڕۆ شکات بکە.
سلێمانی لە سەرەتای دروستبوونییەوە بووە مەڵبەندێکی بازرگانی و یەکەم زانکۆش لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی ١٩٦٨ لە سلێمانی دروست کرا، کە ناونراوە زانکۆی دایک.
شارەکە تێداهەڵکەوتنی چەندین بیرمەند و زانا و مەلا و نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و سیاسەتمەدار و وەزرشکاری گەورەی بەخۆوە دیوە، لە سەرجەم بوارەکاندا جێدەستی دیارە و هەر ئەوەش کە یەکەمین رۆژنامەی کوردی لەم شارەوە دەرکراوە بۆخۆی مێژوویەکە، سێکوچکەی بابانیش کە قوتابخانەی شیعری بابانیان دروستکردووە شارەکەی دەوڵەمەندتر کردووە، ئەوە جگە لە شاعیر و بیرمەندەکانی دیکەی وەک پیرەمێرد و چەندانی دیکە.
رۆڵی ژن
سلێمانی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە رۆڵێکی تایبەتی داوە بە ژنان و تێیدا چەندین ژنە نووسەر و شاعیر و سیاسی و هونەرمەند و حاکم دەرکەوتوون. ئەوەش رەنگدانەوەی مێژوویەکی کۆنە و لەنموونەی ئەو ژنانەش حەپسەخانی نەقیبە، کە سلێمانی لەسەر دەستی ئەو یەکەم قوتابخانەی بۆ کچان کردووەتەوە.
حەپسەخان ژنێکی چالاک و لە بنەماڵەیەکی دیار بووە، کاریگەری زۆری لەسەر ژنانی سلێمانی هەبووە و لە ساڵی١٩٣٠دا، یەکەم کۆمەڵەی ژنانی بە ناوی 'کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد' دامەزراندووە. یەکەم ژنیش بووە کە نامەیەکی سیاسیی مێژوویی بۆ رێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوەکان لە جنێڤ نووسی و داوای مافی کوردی کرد لەسەر خاکی کوردستان.
بازاڕ و پیشەگەری
لە سەرەتای دامەزناندی سلێمانییەوە چەندین کار و پیشەی تێدا بووە و بەشێکیان تاوەکو ئێستاش بە زیندوویی ماونەتەوە، وەک جۆڵایی، موتابچێتی، ئاسنگەری، ڕستن و چنین، خەڕەک، سابونچێتی، ئاشەوان، تراقچی، چەخمەسازی، مسگەری، خومچێتی و کاری زین و کۆپان.
بەگشتی دوکان و بازاڕی سلێمانی لە دەوری بەردەرکی سەرادا بووە، بە جۆرێک چەندین بازاڕ و خانی تێدا بووە و بەشێکیان ماونەتەوە تاوەکو ئێستا و بەشێکیان نەماونەتەوە، لە نموونەی ئەوانەش قەیسەری نەقیب، کە مێجەرسۆن لە گەشتەکەیدا باسی کردووە و ئاماژەی بە چەندین شوێنی دیکە داوە وەک خانی عەجەم و خانی غەفوور ئاغا و قەیسەری وەسمان پاشا.
سلێمانی سینەما و تەختی شانۆی هەبووە و چەندین گەرماوی گشتی تێدا بووە، کە سەرەڕای ئەوەی بەشێکی ئەو شوێنانە نەماون ئێستا، بەڵام ئەو شەقامانە هەر بە هەمان ناوە کۆنەکەیانەوە ناو دەهێنرێن.
لە ئێستاشدا شارەکە رۆژ بە رۆژ لەبەرەوپێشچوون و گەشەسەندندایە و چەرخی داهێنان بەردەوامە لە سوڕان.
هـ.ئـ